ئاژانسی كوردپا: بەرهەمە شێعرییەكانی مامۆستا مەحوی بە زمانی فەرانسەیی لەژێر ناوی "سپێدەكان لەم شەوەدا لەدایک دەبن" لە وڵاتی فەرانسە چاپ و بڵاو كرایەوە.

بەرهەمە شێعرییەكانی مامۆستا مەحوی لەلایەن "ئەحمەدی مەلا" وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فەرانسەیی و دەزگای چاپ و پەخشی "ئارمەتان" لە پاریس، ئەركی چاپ و بڵاو کردنەوەی وەئەستۆ گرتووە.

لەو بارەیەوە سایتی هاووڵاتی بڵاوی كردۆتەوە، وەرگێڕانی شێعرەكانی مەحوی ماوەی یەک ساڵی خایاندووەو وەرگێڕ لەفەرهەنگی فارسی ـ فەرانسەیی كەڵكی وەرگرتووە.

مامۆستا مەحوی لەنووسینەكانیدا كەڵكی لەئەدەبیاتی سۆفیگەری فارسی وەرگرتووە و نووسینەكانی شاعیری فارس، حافزی شیرازی كردۆتەوە سەرمەشقی كارەكانی.

پەرتووكی شێعرەكانی مەحوی بە زمانی فەرانسەیی خۆی لەدووتۆیی ١٧٢ لاپەڕەدا بینیوەتەوە و دەزگای ئارمەتان كە ئەركی چاپ كردنی ئەو بەرهەمەی وەئەستۆ گرتووە گرینگییەکی تایبەت بە ئەدەبی كوردی دەدات و هەتا ئێستا چەندین كتێبیان بە زمانی فەرانسەیی لە سەر ئەدەب و مێژووی كورد بڵاو كردۆتەوە.

مەلا محەممەد كوڕی عوسمان بەڵخی ناسراو بە "مەحوی" لە ئاوایی "باڵخ"‌ی سەر بە سولێمانی لەدایک بووە و لەنووسینی هۆنراوەی كوردیدا دەستێكی باڵای هەبووە، هەر بۆیە بە یەكێک لە چڵەپۆپەكانی شێعری كوردی ئەژمار دەكرێت.

غەزەلیات، چوار خشتەكییەكان و تاكەكان و نووسینی شێعری عارەفانە و ئایینی لەبەرهەمەكانی مەحویدا بەرچاو دەكەوێت و لەبەناوبانگرترین بەرهەمەكانی دەتوانین ئاماژە بە "دیوانی مەحوی" كە كۆمەڵە شێعرەكانی ئەو شاعیرەی لەخۆ گرتووە، بكەین.

مامۆستا مەلا محەممەد ( مەحوی) ساڵی ١٢٨٥‌ی هەتاوی (١٩٠٦‌ی زایینیی) كۆچی دوایی كردووە و لەیەكێک لەژوورەكانی خانەقا لەناوچەی سولێمانی ئەسپێردەی خاک كراوە.