ئاژانسی کوردپا: رووبەرێکی بەرفراوان لە دارستانەکانی ناوچەی مەریوان لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی سپای پاسدارانەوە ئاگری تێبەردرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو دارستان و لەوەڕگەی چیای سوورکێو لە نزیک گوندی "کانی چنار"ی سەربە شاری مەریوان ئاگری تێبەردراو زیاتر لە ١٠ هێکتار لە ژێنگەی ئەو ناوچەیەی لەناو برد.

هەروەها بە وتەی شایەتحاڵان، رۆژی رابردوو سەیرانگەی "بەردەرەشە"ی شاری مەریوان بەهۆی تەقەی هێزەکانی سپای پاسدارانەوە ئاگری تێبەر بوو کە ژینگەی ئەو ناوچەیە بە تەواوەتی لە ناو چوو.

لە سێ رۆژی رابردووشدا سروشت و ژینگەی گوندەکانی "مەحمووە، بیلوو، بناوەچڵە" ئاگری تێبەر دراوە کە بە وتەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە نزیک بە ٨٠٠ هێکتار دارستان و لەوەرگەی ئەو ناوچەیە لە ئاگردا سووتاوە.

دەگوترێت کە سەرجەمی ئەو ئاگرکەوتنەوانە لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و چالاکانی ژینگەپارێـزی ئەو شارەوە هەوڵی کۆنتڕۆڵ کردنیان دراوە.