ئاژانسی کوردپا: شاعیر و رۆژنامەنووسێکی کوردی خەلکی ورمێ یەکەم بەرهەمی شێعریی خۆی کە ٤٥٠ ھەڵبەستی لەخۆ گرتووە، لەژێر ناوی "شەوتیدڵ (دڵسووتاو)"، ئامادە بە چاپ کردووەو بڕیارە لە رۆژانی داھاتوودا چاپ و بڵاو بکرێتەوە.

"ئەسکەندەر جەعفەری" لەبارەی ناوەڕۆکی دیوانی ھەڵبەستی خۆی بە ئاژانسی کوردپای رایگەیاند: تەواوی ھەڵبەستەکان لە سەر خۆشەویستی و ئەڤیننداین و باس لە ژوانگەی ئەڤینداران دەکات کە ھەمووی هەڵبەستەکان لە سەر ڕێچکەی چوارینەی کوردی داڕێژراون.

ئەسکەندەر جەعفەری،شاعیر و رۆژنامەنووسی کوردی خەلکی ورمێ

ئەو رۆژنامەنووسە کوردە ڕاشیگەیاند، دەبێ ھەڵبەستی کڵاسیکی کوردی بپارێزرێ ونابێ لە سەردەمی مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزمدا، ھەڵبەستی کلاسیکی کوردی لە بیر بکرێ چونکە، لە کۆنترین سەبکەکانی ھەڵبەستی کوردی، ئەژمار دەکرێ.

جەعفەری ئاماژەی بەوەش کرد، "باباتاھری عوریان" کە شاعیرێکی ناوداری کورد بووە و ھەڵبەستەکانی له سەر رێچکەی چوارینە داڕشتووە و دەبێ ئێمەش بایەخ بەو سەبکە سەرەکییەی شێعری کوردی بدەین و لە بیری نەکەین.

ئەسکەندەر جەعفەری ساڵی ١٣٦٩ لە شاری ورمێی کوردستانی ئێران لە دایک بووە و پێشتریش دیوانی ھەڵبەستی لۆریی باباتاھری وەرگێڕابوویە سەر شێوەزاری "کرمانجی" کە بە وتەی خۆی، دوای چاپی دیوانی شەوتیدل، دیوانی باباتاھریش چاپ و بڵاو دەکاتەوە.

ئەو شاعیرە لاوەی خەلکی شاری ورمێ گوتیشی، بریارە دیوانی شەوتیدل، بۆ یەکەمجارلە لایەن یەکیەتیی نووسەرانی ھەولێر لە هەرێمی کوردستان، چاپ و بڵاو بکرێتەوە.