حەفتەی دووهەمی مانگی پووشپەڕی ١٣٩٢ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.
ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.
بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.
لەم راپۆرتەدا دەرچوونی حوکمی زیندان بۆ دوو رۆژنامە نووسی روانسەری، هەڕەشەی دەستبەسەر کردن لە یەکێک لە ژنە چالاکێکی ئەدەبیی شاری مەریوان، کوژرانێکی کچێکی خوێندکار لە شاری کرماشان بە دەستی باوکی، خۆکوژیی ٢ ژنی دیکە لە شارەکانی میاندواو و بۆکان، خۆکوژیی کچێکی لاو لە نەهاوەند، دانی مورەخەسیی دەرمانی بە فەرەح وازحیان، ئازادیی جەمیلە کەریمی، موحاکمە کردنی شیوا نەزەریی ئاهاری، بڕانەوەی ١ ساڵ حەبسی تەعزیری بۆ فاتیمە خرەدمەند و دەستبەسەر کرانی سەمیرا رەزاقی دەخرێتەڕوو.
کوردستـــــــــــان
بارودۆخی چالاکانی ژن لە کوردستـــان

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا دادگای شۆڕشی شاری روانسەر ٢ کچی کورد بەناوەکانی "پەریسا ئەحمەدی" تەمەن ٢٦ ساڵ و "غەزاڵ ئەحمەدی" تەمەن ٢٩ ساڵ، بەتاوانی ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە هەرکام بە ٢ ساڵ زیندانی هەڵپەسێراو مەحکووم کراد.
پەریسا ئەحمەدی بڕوانامەی "لیسانس"ی زوەی ناسی لە زانکۆی "پەیام نوور"ی کرماشان وەرگرتووە و هەروەها "غەزاڵ ئەحمەدی" لیسانسی ئەندازیاریی "سەرچاوە سرووشتییەکان"ی لە زانکۆی سنە بەدەست هێناوە و هەنووکە لە زانکۆی زاهیدان لە قۆناخی فەوق لیسانسی جوغرافیای شاری سەرقاڵی خوێندنە.
ئەو ٢ کچە خوێندکارە کوردە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە چەندین حەفتەنامە و گۆڤاری وەک: "دیدیگاه، فجر امید، کرمانشاە، دریابار" چالاکانە کاریان کردووە.

لە لایەکی دیکەوە و لە درێژەی رەوتی گوشار بۆ سەر چالاکانی ژن لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێران، شنۆ رەحیمی شاعیر و چالاکی ئەدەبیی خەڵکی "مەریوان"یان بە تاوانی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە گەڵ کەسێکی کوردی دانیشتووی ئورووپا بانگهێشت و هەڕشەی دەستبەسەر کردنیان لێکردووە.
هێزە ئیتلاعاتییەکان سەرەڕای ئەوە کە هێڵی ئینتێرنێت ئەو ژنە شاعیرەیان پچڕاندووە، کۆپی ناسنامەو پاسپۆرتەکەیان لێ ئەستادووە و رایانگەیاندووە کە نابێ لەگەڵ کەسێکی کافر ژیانی هاوبەش پێک بێنی.
"شنۆ رەحیمی"، شاعیر و چالاکی ئەدەبیی و هەروەها مامۆستای یەکێک لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی شاری مەریوانە کە ماوەی زیاتر لە ٤ مانگە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەرەوڕووی فشار و هەڕەشە بۆتەوە.
کرماشان/ کوژرانی کچێکی خوێندکار بە دەستی باوکی

چەند رۆژ پێش ئیستا کچێکی خوێندکاری کوردی خەڵکی کرماشان بە ناوی "دونیا میری" بە هۆی شەڕ و کێشەی بنەماڵەییەوە تووشی خوێنڕێژیی مێشک بووە و لە ئەنجامدا رۆژی سێ شەممە ٤ی پووشپەڕ گیانی لە دەست دەدات.
کەسانی نزیک لەو بنەماڵەیە رایانگەیاندووە، ئەو کچە خوێندکارە کە ٢٠ ساڵ تەمەنی بووە لەلایەن باوک و براکانییەوە لە ماڵەوە زیندانی کرابوو و هاوکات بە بە زەبری هەڕەشە و ڵیدان دەستیان پی لە خوێندنی زانکۆ هەڵگرتبوو.
ئەو کچە خوێندکارە چەندین جار هەوڵی خۆ رزگار کردنی لە زیندانی نێو ماڵ داوە، بەڵام هەموو جارێک لەگەڵ لێدان و توندوتیژیی بنەماڵە مەزهەبییەکەی بەرەوڕوو بۆتەوە کە دواجار رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٤ی پووشپەڕ بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەی لەڕادەبەر تووشی خوێنڕێژیی مێشک بووەو گیانی لەدەست دا.
لە سەرەتای مانگی پووشپەڕەوە ئەمە سێیەمین ژنە کە بە دەستی کەس و کاری خۆی لە ناوچە کوردنیشنەکانی ئێرانی گیانی لێ ئەستێندرێت.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەدەی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٧ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران تەنیا بەدەستی کەسوکاری نزیکی خۆیان کوژراون.
ئەو ئامارە رێژەییەوە بە پشت بەستن بەئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.
خۆ کوژیی ٢ ژن لە میاندواو و بۆکان
بە خۆکوژی ٢ ژنی دیکە لە شارەکانی میاندواو و بۆکان رێژەی ئەو ژنانەی کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەستیان داوەتە خۆکوژی و گیانیان لە دەست داوە گەیشتە ٢٣ کەس.

دەگوترێت خاتوون مینایی دایکی ٣ منداڵ بووە کەلە نێو ماڵەکەی خۆیدا خۆی هەڵواسیوە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.
لە لایەکی دیکە و هەر لەو رۆژە دا، ژنێکی تەمەن ٣٨ ساڵ بەناوی " فاتمە مینایی" خەڵکی گوندی "برایمئاوای" شاری بۆکان بە هۆی دەستکورتی و هەژارییەوە خۆی هەڵواسی و گیانی لە دەست دا.
فاتمە مینایی دایکی سێ منداڵ بووە لە ماڵەکەی خۆیدا خۆی هەڵواسیوە.
ماوەیەکێ پێش ئێستا و هەر لەو گوندە دا، ژنێکی دیکە بە ناوی "مێهری بەرجستە" داستی دابووە خۆ کوژی و گیانی لە دەست دابوو.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٢٢ ژنی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە کە لەکۆی ئەو رێژەیە ٨ حاڵەتیان لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە بووە.
ئەو ئامارە رێژەییەوە بە پشت بەستن بەئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.
ئێـــــــــــــــــــــــــران
خۆکوژیی کچێکی ١٩ ساڵان لە نەهاوەند
خۆکوژی وەکوو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی رۆژ لە دوای رۆژ پەرە دەستێنێ و لە ماوەی ٥٠ ساڵی رابردوودا ٦٠% زیاد بوونی بە خۆیەوە بینیوە، بە پێی ئەو ئامارانەی کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاوی کردووەتەوەلە هەر ٤٠ چرکەدا کەسێک دەست ئەداتە خۆکوژی و گیانی لە دەست ئەدات.
وڵاتی ئێران لە گەڵ وڵاتانی چین و هیندوستان لە نێو ئەو وڵاتانە دان لە زۆرترین رێژەی خۆکوژی ژنانیان تێدا تۆمار دەکرێت و بە پێی ئاماریێک کە وەزارەتی تەندروستی بڵاویکردۆتەوە ساڵانە ٤٢٠٠ کەس دەست ئەدەنە خۆکوژی کە ژنان نیوەی ئەم رێژەیە پێک دێنن.

بە پێی ئەو هەوالانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی پێنجشەممە ٦ پووشپەر کچێکی تەمەن ١٩ ساڵ بە ناوی " پەریسا کەیانی" لە شاری "نەهاوەند"ی سەربە ئوستانی هەمەدان دەستی دایە خۆکوژی و لە ئەنجام دا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.
زیادبوونی رێژەی خۆکوژی بە تایبەت لە نێوان ژنان و لاوان دا بووە هۆی ئەوەی کە لە سەر پێشنیاری رێکخراوی جیهانیی تەندرووستی و ئەنجوومەنی نێونەتەوەیی پێشگری لە خۆکوژی لە ساڵی ٢٠٠٣ بەملاوە رۆژی ١٠ی سیپتامبر وەکوو رۆژی جیهانیی پێشگری لە خۆکوژی دیاری بکەن.
کێشەی نامووسی و بنەماڵەییەکان، پێشگری لە خوێندن، بە شوو دانی زۆرەملی، هەژاری و دەستکورتی لە گرینگترین هۆکارەکانی خۆکوژی لە وڵاتی ئێران بە ئەژمار دێن.
بارو دۆخی چالاکانی سیاسی و فەرهەنگیی ژن لە ئێران دا
رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٥ی پووشپەڕ "فەرەح وازحیان" زندانیی سیاسیی بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین کە تووشی نەخۆشیی دڵ بووە، بە دانانی بارمتە رەوانەی مورەخەسیی دەرمانی کرا.

فەرەح وازحیان، دوایی رووداوەکانی عاشوورای ٨٨ هاوڕێ لەگەڵ هاوسەر و دوو منداڵی خۆی دەستبەسەر و لە رێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی هەمان ساڵدا بە تاوانی "دژایەتی لە گەڵ خودا" لە رێگەی بەشداری لە خۆپێساندانەکانی دوای هەڵبژاردنەکان بە ئێعدام مەحکوم کراو دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ١٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.
لە لایەکی دیکەوە، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٠ی پووشپەڕ جەمیلە کەریمی پاش نزیک بە ٣ مانگ دەستبەسەر کران ئازاد کرا.
جەمیلە کەریمی لە ئەندامانی بەرەی رێفۆرمخوازانی ئوستانی فارس بوو کە رۆژی پێنجشەممە ٢٢ی خاکەلێوە لە ماڵەکەی خۆیدا و لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری شیرازەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٨٠ رۆژی لە زیندانی "پلاک ١٠٠"ی شیراز کە گرێدراوی ئیتلاعاتە دەستبەسەر بوو.
لە لایەکی دیکەوە رۆژی چوارشەممە ١٢ی پووشپەڕ، شیوا نەزەری ئاهاری چالاکی مافەکانی مرۆڤ و خوێندکاری بێبەشکراو لە خوێندن، بە هۆی ئەوەی کە لە دەورانی مورەخەسیی نەورۆزی دا درەنگ بۆ زیندان گەڕابوویەوە، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئوستانی تارانەوە بە دانی سەد هەزار تومان جەریمە مەحکووم کرا.

شیوا نەزەری ئاهاری، چالاکی مافەکانی مرۆڤ و ئەندامی کۆمیتەی هەواڵنێرانی مافەکانی مرۆڤ بە تاوانی "دژایەتی لە گەڵ خودا، پڕوپاگەندە دژی نیزام و کۆبوونەوەی نایاسایی" بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٧٤ زەربە قامچی مەحکوم کرا و رۆژی ١٨ی خەرمانانی ١٣٩١ بە مەبستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، خۆی بە زیندانی ئێڤینی تاران ناساند.
لە لایەکی دیکەوە فاتیمە خرەدمەند بە تاوانی پڕوپاگەندە دژی نیزام لە رێگای هاوکاریی بڵاڤۆکی ئێنترنتیی "قلم سبز" ، لە لایەن دادوەر پیر عەباسی بەرپرسی لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکوم کرا.

فاتیمە خرەدمەند رۆژی ١٧ی بەفرەنباری ساڵی ١٣٩٠ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیرانەوە دەستبەسەر و پاش ٢٥ رۆژ لە ١٢ی رێبەندانی ئەو ساڵە بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تومانی بە شێــوەیەکی کاتی ئازاد کرا.
لە لایەکی دیکەوە و بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو کراونەتەوە، سەمیرا رەزاقی پزیشکی بلیمەت و خوێندکاری زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شیراز لە حاڵێک دا سەرقاڵی دوایین مانگی خوێندنی خۆی بوو، رۆژی چوارشەممە ٥ی پووشپەڕ دەستبە سەر و رەوانەی زیندانی "پلاک ١٠٠" ی گرێدراوی ئیتلاعاتی شیراز کراوە.

دوکتور سەمیرا رەزاقی لە ماوەی خوێندنی خۆیدا دا لە ئاستی پزشکی گشتیی و تایبەتیدا چەندین جار وەکوو کەسی یەکەم هەڵبژێردرابوو.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا
هەواڵدەریی هێرانا
ماڵپەڕی نێدای سەوزی ئازادی
ماڵپەڕی کوردستان و کورد
ماڵپەڕی پەیام
ماڵپەڕی"دانشجو نیوز"
ماڵپەڕی کەلیمە





