ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی پێکدادانێکی چەکداری لە چیای "چل چەمە"ی دیواندەرە ٢ ئەندامی سپای پاسداران بە دەستی چەند چەکدارێکی نەناسراو کوژران و ٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاو بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەر لەئێوارێی رۆژی شەممە رێکەوتی ١ی پووشپەڕ ٢ ئەندامی سپای پاسداران بەناوەکانی"سدیق حوسێنی" خەڵکی گوندی "قوجر"ی سەربە شاری دیواندەرە و "ناسر بەیگی" خەڵکی گوندی "شەریف ئاوا"ی سەربە شاری دیواندەر و دانیشتووی شاری سەقز لە ئەنجامی تێکهەڵچوون لەگەڵ دەستەیەک چەکداری نەناسراو، کوژران.
لە ئەنجامی ئەو تێکهەڵچوونەدا ٢ ئەندامی دیکەی سپای پاسدارانیش بریندار بوون و دۆخێکی ئەمنیەتی باڵی بەسەر ئەو ناوچەیەدا کێشاوەو هێزێکی زۆری نیزامیی سپای پاسداران لە شاری دیواندەرە جێگیر کراون.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە،هیچ لایەن و ناوەندێکی حکوومەتی و نیزامیی ئێران هەواڵی کوژران و بریندا بوونی ئەو ٤ کەسەی پشتڕاست نەکردۆتەوە.
هەروەها رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕ لە بەرزاییەکانی چیای "نێو کێل" و "هەڵاڵاویە" لە پشت گوندی "مێرگە پیرکێ"ی ناوچەی رەبەت شەڕ و پێکدادانی چەکداری هاتە ئاراوەو لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا ٢ کەسی سەربە سپای پاسداران بەناوەکانی حهمهخان و كامیل شهمسی كوڕی حاجی ئهحمهدی نێزێ کوژران.
کارناسانی کاروباری سیاسی وڵاتی ئێران ئەو جۆرە رووداوانە بە پاکانەی تایبەتیی و پلان بۆ داڕێژرای نێو دەزگا ئەمنیەتیی و نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە قەڵەم ئەدەن، کە لە سەرەتای ئینقلابەوە هەتا ئێستا لەلایەن لێپرسراوانی حکوومەتیی ئێرانەوە پەیڕەو کراوە.





