حەفتەی کۆتایی مانگی جۆزەردانی ١٣٩٢ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.

ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.

لە راپۆرتی ئەم حەفتەیەدا، بەردەوامیی رەوتی خۆکوژیی ژنانی کورد لە سەقز و مەهاباد، رێگری کردن لە چارەسەریی نەخۆشیی رۆزیتا واسقی ژنە زیندانیی بەهایی لە زیندانی مەشهەد و درێژ کرانەوەی ماوەی دەستبەسەریی "جەمیلە کەریمی" دەخرێتەڕوو.

کوردستــــــــــــــان

خۆکوژیی ٢١ ژنی کورد لە ماوەی ٣ مانگدا

خۆکوژی وەک دیاردەیەکی نەشیاوی کۆمەڵایەتی لە کوردستان بەردەوام روو لە زیادبوونەو بەشێوەیەک لەماوەی ٣ مانگی رابردوودا ٢١ ژنی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئیران کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

دابەزینی تەمەنی خۆکوژی لە نێوان هاووڵاتییان و بەتایبەتی لە نێوان ژنانی کوردا جێگەی تێڕامان و لێوردبوونەوەیە و خەسارناسانی کۆمەڵایەتی وەک پەتایەکی مەترسیدار ئەو دیاردەیان وەسف کردووە.

رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٨ی جۆزەردان ژنێک بەناوی "بەسێ گوڵناز" دانیشتووی گەڕەکی "پشت تەپ"ی شاری مەهاباد بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەسێ گوڵناز خەڵکی شاری مەهاباد و تەمەنی ٤٥ ساڵ و هەروەها دایکی ٤ منداڵش بووە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٩ی جۆزەردان ژنێکی کوردی خەڵکی گوندی "دایە سڵێمان"ی ناوچەی تیلەکۆی سەقز خۆی هەڵواسیوەو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

ئەو ژنە تەمەن گەڕاوەیە، دایکی ٣ منداڵ بووە کە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

لە ٣ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢١ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەستان داوەتە خۆکوژی و کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە کە لەکۆی ئەو رێژەیە ١٢ حەڵت لە رێگەی خۆسووتاندنەوە و ٧ حڵەتیشیان لە رێگەی خۆ هەواسێنەوە بووە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

ئێـــــــــــــــــــران

رێگری کردن لە چارەسەریی نەخۆشیی ژنە زیندانییەکی بەهایی

رۆزیتا واسقی

بەپێی ئەو هەوالانەی کە بلاوبوونەتەوە، بەرپرسانی زیندانی "وەکیل ئاباد"ی مەشهەد لە چارەسەریی نەخۆشیی "رۆزیتا واسقی" رێگری دەکەن.

ئەوزیندناییە بەهاییە کە پووکەکانی تووشی ماسین و ئازار بوون و بەپێێ وتەی پزیشکان پێویستی بەچارەسەریی خێرا هەیە، کە بەرپرسان و قازیی زیندان، دادستان و ئیدارەی ئیتلاعاتی مەشهەد لە هەلوێستێکی هاوئاهەنگدارێگری لە چارەسەریی نەخۆشیی ئەو ژنە بەهاییە دەکەن.

رۆزیتا واسقی لە مانگی رێبەندانی ساڵی رابردووشدا کە تووشی ئازاری ددان هاتبوو، بەرپرسانی ئەو زیندناە پاش ٣ مانگ ئیزنی چارەسەرییان بەناوبراو دا.

ئەو ژنە زیندناییە کە رەشەممەی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی دەستبەسەر و بەتاوانی باوەڕمەند بوون بە ئایینی بەهایی بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا، هەنووکە ماوەی ئەو حوکمە لە زیندانی وەکیل ئابادی مەشهەد تێپەڕ دەکات.

جەمیلە کەریمی، ئەندامی شۆرای رێفۆرمخوازانی ئوستانی فارس و راوێژکاری ئوستاندار

لەلایەکی دیکەوە ماوەی دەستبەسەر کرانی "جەمیلە کەریمی" ئەندامی شۆرای رێفۆرمخوازانی ئوستانی فارس و راوێژکاری ئوستاندار لە دەورانی رێفۆرم، بۆ ماوەی حەفتەیەکی دیکە درێژ کرایەوە.

ئەو ئەندامەی شۆرای رێفۆرمخوازانی ئوستانی فارس، رۆژی پێنج‌شەممە ریکەوتی ٢٢ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لە ماڵی خۆیدا لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و هەتا ئێستا لە زیندانی شیراز دەستبەسەریدا ماوەتەوە.

سەرچاوەکان:

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا
هەواڵدەریی مافی مرۆڤی ئێران "هێرانا"
ماڵپەڕی پەیام