ئاژانسی کوردپا: "گۆڤاری داڵماد" کە لەلایەن زانکۆی کرماشانەوە بە دوو زمانی کوردی و فارسی مۆڵەتی چاپی پێ درابوو، پێش بە چاپ و بڵاوکردنەوەی گیرا.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی زانکۆی "رازی"ـی کرماشان رێگرییان لە چاپ و بڵاو کردنەوەی گۆڤاری "داڵماد" بە خاوەن ئیمتیازیی "ئەمیر جەلیلوەند" گرت.
رێگری کردنی حیراسەت و بەشی کاروباری فەرهەنگیی زانکۆی رازیی کرماشان لە چاپ و بڵاو کردنەوەی گۆڤاری داڵماد لە کاتێک دایە کە خوێندکارانی کوردی ئەو زانکۆیە لە ١ مانگ پێش ئێستاوە سەرقاڵی کۆکردنەوەی وتار و بابەت بوون و پێشتریش لەلایەن زانکۆوە مۆڵەتی فەرمییان پێ درابوو.

حیراسەت و بەشی فەرهەنگی زانکۆی رازیی کرماشن ناوی ئەو گۆڤارەیان وەک هۆکاری راگرتنەکەی راگەیاندووە.
داڵماد لە زمانی کوردیدا بە واتای "داڵ یان هەڵۆی ماد"ـە و بەرپرسانی ئەو زانکۆیەش رایانگەیاندووە کە دەبێ ناوی گۆڤارەکە بگۆڕدرێت.
گۆڤاری کوردی فارسیی داڵماد پێشتر سەرجەم قۆناخە یاساییەکانی بۆ چاپ و بڵاو کردنەوە تێپەڕاندبوو، بەڵام بەبریاری حیراسەت و بەشی فەرهەنگیی زانکۆ پێش بە چاپ و بڵاو کردنەوەی گیرا.





