ئاژانسی کوردپا: بارینی تەرزە و دروستبوونی لافاو زیانێکی بەرچاوی بە وەرزێڕان و ئاژەڵدارانی ناوچەی ورمێ گەیاندووە و نزیک بە ٣ هەزار هێکتار لە زەوی و زاری و باخاتی وەرزێڕان زیانی بەرکەوتووە.

بەهۆی بەردەوامیی باران بارین و تەرزە لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، هەتا ئێستا زیانەکان دیاری نەکراوە، بەڵام بەرپرسی جیهاد وەرزێریی ئوستان رایگەیاندووە، کە چاوەڕوان دەکرێ رۆژی سێ‌شەممە زیانەکانی ئەو تەرزە بارینە رابگەیەندرێت.

لەلایەکی دیکەوە نەبوونی پرد و رێڕەوێک بۆ دەرچوونی ئاوی سەر جادەكان، بۆتە هۆی لەناو چوونی بەشێک ‌ زەوی و زاری وەرزێڕی و ئەمەش لە کاتێک دایە کە ئەو زەوییانە یەکێک لە سەرچاووە گرینگەکانی ئەو ناوچەیە بە ئەژمار دێت.

هاوولاتییانی کورد رایانگەیاندووە، ساڵانە بارینی تەرزە و هەستانی لافاو لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران زیانێکی بەرچاوی ماددی بە وەرزێڕان و ئاژەڵداران دەگەیەنێت و پێویستە بۆ پێشگیری و بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو رووداوە سروشتییانە پلان‌ڕێژی شیاو لەلایەن ستادی مودیریەتی رووداوە چاوەڕوان نەکراوەکان ئەنجام بدرێت.