ئاژانسی کوردپا: ژنێکی دیکە لە شاری مەریوان بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هینا.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕ ژنێک بەناوی " شەرمین" تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی گوندی "ولە ژێر"ی سەربە شاری مەریوان، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و پاش ٢ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو ژنە چەند رۆژ پێش ئێستا لەگەڵ هاوسەرەکەی خۆی بەکێشە هاتبوو کە بەو هۆیەوە رووی لە ماڵی براکانی کردبوو کە لەلایەن براکانی خۆشییەوە بەرەوڕووی توندوتیژی و لێدان ببوویەوە کە لە ئەنجامدا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو.
توێژەرانی کۆمەڵایەتی لەسەر ئەو باوەڕەن کە ژنان خۆسووتاندن بە یەکێک لە رێگەکانی تۆڵە ئەستاندنەوە و ئازار دانی ئەو کەسانەی کە توندوتیژییان بەرامبەر نواندوون، دەزانن. بۆیە لە کاتێکدا کە بەرەوڕووی توندوتیژی جەستەیی و جینسی دەبنەوە، زیاتر پەنا بۆ خۆسووتاندن دەبەن. بەو هۆیەوە خۆسووتاندن وەک باوترین شێوەی خۆکوشتنی ژنان بەرچاو دەکەوێت.





