ئاژانسی کوردپا: بڵاڤۆکی خوێندکاریی "بێستوون" لە زانکۆی "رازی"ی کرماشان پاش ٥ ساڵ چالاکی فەرهەنگی لەو زانکۆیە، بەرەوڕووی داخران بوویەوە.

"پووریا سوڵتانی موقیم" سەرنووسەری بڵاڤۆکی خوێندکاریی بێستوون لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٨ی رەشەمە لەلایەن جێگری بەشی فەرهەنگیی زانکۆی رازی کرماشانەوە ئاگادار کراینەوە کە بەهۆی نووسێنی وتارێک لەسەر رەوتی بەرەوپێشڤەچوونی پەروەندەی "ستار بەهێشتی" لەمەو بەدوا مۆڵەتی چاپ و بڵاو کردنەوە بڵاووکراوەی "بێستوون"تان نییە.

سەرنووسەری "بێستوون" راشیگەیاند: خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە بۆ دەبێ پاش تێپەڕبوونی ٣ مانگ بەسەر پەروەندەی "ستار بەهێشتی"دا، کە سەرجەم چالاکیی خوێندکارانی ئەو زانکۆیە ژێر چاوەدێری حیراسەت دایە، هەنووکە دەکەونە بیری داخستنی ئەو بڵاوڤۆکە خوێندکارییە.

"سوڵتانی موقیم" ئەوەشی خستەڕوو، کە ٢ ساڵ پێش ئێستا لەسەر سکاڵای رۆژنامەی کەیهان بە سەرنووسەریی "حوسێن شەریعەتمەداری" بە تۆمەتی پشتیوانی کردن لە میر حوسێن مووسەوی" و مەهدی کەڕوبی"، بڵاوکراوی بێستوون بۆ ماوەی ٣ مانگ چالاکییەکانی راوەستا.

بڵاوکراوەی بێستوون ٣٥ کەس بە شێوەی سەربەخۆ تێدا چالاکیان دەنواند و لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوییەوە و بە زمانی فارسی و هەر ژمارەی بە هەژماری ٥٠٠ دانە لە نێو زانکۆی "رازی"ی کرماشاندا چاپ و بڵا دەکرایەوە و زیاتر دەپرژایە سەر هەواڵی نێو زانکۆ و هەروەها کۆمەڵێک و راپۆرت و وتاری هەمە چەشنی تێدا چاپ دەکرا.

لە سەرەتای دەیەی ٨٠ی هەتاوی شەپۆلێکی بەربڵاو لە چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری خوێندکاری لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و ئەو زانستگایانەی کە خوێندکاری کوردیان تێدا بوو دەستی پێکرد و تەنیا لە کرماشان گۆڤارە خوێندکارییەکانی "زارۆی واران، ترووسکە، برووسکە و بێستوون" بڵاو دەکرانەوە کەسەرجەمیان بەرەوڕووی داخران بوونەوە.