ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب لە کوردستان، بەهۆی کێشە و گرفتی جۆراوجۆر چالاکییە فەرهەنگییەکانی خۆی راگرت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەزگای چاپی پەرتەوبەیان لە شاری سنە، کە بەرهەمە مەزهەبی، ئەدەبی و منداڵان و مێر منداڵانی چاپ و بڵاو دەکردەوە، بۆ ماوەیەکی نادیار داخرا.

دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی پەرتەوبەیان ساڵی ١٣٨١ لە شاری سنە دامەزراوە و لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا بە سەدان کتێبی بە زمانی کوردی و فارسی چاپ و بڵاو کردۆتەوە کە بە هۆی کێشەی ماڵییەوە بەرەوڕووی داخران بووەتەوە.

پێشتر "قوباد مەیمەنەت ئابادی" بەرپرسی گشتیی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئوستانی كوردستان، لە وتووێژێك لەگەڵ هەواڵدەریی "مێهر" لەم بارەوە رایگەیاندووە:" دوو هۆكاری سەرەكیی لە گۆڕێ‌ دان بۆیە تەمەنی بڵاوكراوە ناوچەییەكان كورتن، یەكیان دەگەڕێتەوە بۆ مەسەلەی ماڵی و ئابووریی بەڕێوەبەران بڵاو كراوەكان و ئەوی دیكەشیان مەسەلەی سیاسییە و هەتاڕادەیەكیش كاریگەریی جیناحەكانی ناوخۆی حكوومەتی پێوە دیارە".