ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی خەڵکی ناوچەی سەردەشت لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار و رەوانەی نەخۆشخانەی ئەو شارە کرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوێ یەکشەممە رێکەوەتی ٢٦ی رەشەممە کۆڵبەرێکی کورد بەناوی "رەحمان مستەفایی" کوڕی عەبدوڵڵا لە نێوان چیاکانی جەماڵەدین و دووپەزە و لە نزیک گوندەکانی "بێوران" و "قەلەڕەشە"ی سەردەشت بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار کرا.
سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هێزە نیزامییەکان چەندین ئەسپی بارهەڵگریشیان کوشتووە و دەستیان بەسەر کەلوپەلی کاسبکارانیشدا گرتووە.
هەر لەو پەیوەندییەدا ٣ ساڵ پێش ئیستا "عەبدوڵڵا مستەفایی" باوکی ئەو کۆڵبەرە کوردە لە کوێستانەکانی "دۆڵان"ی سەردەشت بە تەقەی هێزە نیزامییەکان گیانی لێ ئەستێندرابوو.
لەلایەکی رۆژی ٢٢ی رەشەممە کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بەناوی "نەوزاد ئیبراهیمپوور" خەڵکی گوندی "بێتووش"ی ئالانی سەردەشت بەدەستی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانی لێ ئەستێندرا.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای وەرزی زستانەوە هەتا ئێستا ٥ کۆڵبەری کورد بەتەقەی هیزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون و ٥ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.





