ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی نزیک بە ١ ساڵی رابردوودا بەهۆی کەمتەرخەمی، نابەرپرسیارەتی زۆرێک لە بەرپرسانی حکوومتی باری گوزەران و ژیانی هاووڵاتییانی ئێرانی بەتایبەت ناوچە هەژار نشینەکانی کوردستان بەرەو خراپی چووە.
بنبەماڵەیەکی ٣ کەسی (حوسێن، شەمسی و یادگار) هەژاری دانیشتووی شارۆچکەی نۆدشە لە سەرجەم ئیمکاناتی ژیان بێبەرین و لایەنە پەیوەدنیدارەکان هیچ ئاوڕێک لە چۆنیەتی باری ژیان و گوزەرانی ئەو بنەماڵەیە نادەنەوە.
"یادگار"ی تەمەن ١٣ ساڵ رۆڵەی تاقانەی ئەو بنەماڵەیە، بەهۆی نەبوونی ناسنامەی ئێرانی نەخوێندەوار ماوەتەوە و تەنانەت لە بیمەی پزیشکی و یارانەی حکوومەتیش بێبەرییە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەو بنەماڵە ٣ کەسییە (حوسێن، شەمسی و یادگار) مانگ و مانگ چاویان لە ٤٥ هەزار تمەن پارەی یارانەیە، کە تەنیا دایکی "یادگار" وەری دەگرێت.

هەواڵدەریی حکوومەتیی "فارس" لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، کە باوکی یادگار کە پێش شۆرشی ٥٧ی هەتاوی پەڕیوەی خاکی عێراق ببوو و ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی بۆ وڵاتی ئێران گەرابوویەوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا ناسنامەی ئێرانی پێنەدراوە و هەر بۆیە نەیتوانیوە ناسنامە بۆ رۆڵە تاقانەکەشی وەربگرێت.
کاک حوسێن بەهۆی پەککەوتەی، رووی لە کاری مجێوری "مزگییە قووڵە"ی شاری نۆدشە کردووە و توانای ئەنجام دانی هیچ کارێکی دیکەی نییە، بۆیە باری گوزەران و ژیانیان لەوپەڕی خراپی دایە و هیچ لایەنێک لەمەڕ ئەو دۆخەی ژیانیان خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.
شارۆچکەی نۆدشە لە ١٥٠ کیلۆمیتری پارێزگای کرماشان هەڵکەوتووە و سەرجەم حەشیمەتەکەی دەگاتە ٥ هەزار کەس و یەکێک لە ناوچە هەژارنشینەکانی وڵاتی ئێران دەێتە هەژمار.





