ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە فەرمانبەرانی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی ژومارە ٢ی کانوونی پەروەردەی فیکریی منداڵان و مێرمنداڵان شاری سەقز کتێبی "خداحافظ راکون پیر"ی لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی.

ئەو کتێبە لەلایەن "کۆلۆر ژوبێرت" و بە زمانی فەڕانسەیی چاپ و بڵاو کرابوویەوە کە دواتر لەلایەن کانوونی پەروەردەی هزریی منداڵانی ئێرانەوە، کراوەتە فارسی و پاشان "ئەسعەد رەشیدیان" بۆ سەر زمانی کوردی وەری گێڕاوەتەوە.

کتێبی "ماڵاوا سمۆرە پیرە" کە چیرکی ئاژەڵەکانە لەلایەن "جەبار شافعی‌زادە" کاری پیتچینی بۆ کراوە و ئەرکی رووبەرگ و جوانکاریی ئەو کتێبە لە ئەستۆی "مریەم رەحمەتی" بووە.

لەلایەکی دیکەوە لە شاری سنە شانۆی بووکەڵەیی "پاڵەوانی تەپلۆس" لە ئەنجومەنی فەرهەنگی و هونەریی و لە کانوونی پەروەردەی هزریی منداڵان و مێرمنداڵانی ئەو شارە نمایش کرا.

ئەو شانۆنامەیە لەلایەن "محەممەدڕەزا شەمس" نووسراوە و لە دەرهێنەریی "نادیا هەمزە کەرەمی" لە ماوەی رۆژانی ١٤ هەتا ٢٢ی رێبەندان لە ٢ شیفتی سەرلەبەیانی و ئێوارێ لە ئەنجومەنی فەرهەنگی و هونەریی شاری سنە نمایش دەکرێت.

هەر کام لە "نادیا هەمزە کەرەمی"، "سوهەیلا ساعید پەنا کە بە هاوکاریی "پەری ئەرج" و "محەممەد رەزا شەهابی" کاری دروست کردنی بووکەڵەکانی ئەو شانۆیەیان لە ئەستۆ بووە.