ئاژانسی کوردپا: لە ناوچەی مەریوان ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵ لەبەر کێشەی بنەماڵەیی دەستی دایە خۆسووتاندن و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە ئێوارێی رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٨ی بەفرانبار ژنێک بەناوی "سەیران ئەحمەدی" تەمەن ٢٢ ساڵ کچی عەبدووڵڵا و خەڵکی گوندی "بەیەڵە"ی سەربە شاری مەریوان لە ماڵی مێردەکەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دا.
سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، سەیران ئەحمەدی کەلە گوندی "دەرەتفێ"ی سەربە شاری مەریوان مێردی کردبوو و هەروەها خاوەنی منداڵێکیش بوو، چەندین جار لەلایەن مێردەکەیەوە توندوتێژی بەرامبەر کرابوو کە دواجار بەو هۆیەوە دەستی داوەتە خۆسووتاندن و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.
لەلایەکی دیکەوە چەند رۆژ پێش ئێستا ژنێک بەناوی جەمیلە خەڵکی شاری مەهاباد و خاوەنی ٢ منداڵ بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە دەستی دابووە خۆکوژی و دواتر گیانی لەدەست دابوو.





