ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەمەبەستی هەرچی زیاتر ئاشکرا کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هەر ٢ حەفتە جارێک راپۆرتێک لە ژێر ناوی "روانگەی حەفتە" لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بڵاو دەکاتەوە.

نیوەی دووەمی مانگی بەفرانباری ١٣٩١

راپۆرتی نیوەی دووەمی مانگی بەفرانبار ئاوڕێک لە بارودۆخی دەستبەسەر و بانگهێشت کراوان، ناروونی دۆسیەی زیندانیانی سیاسی، برێنەوەی حوکم بۆ خوێندکارە کوردەکان دۆخی هەنووکەیی کۆڵبەران ئەداتەوە.

دەستبەسەر و بانگهێشت کردنەکان

شەپۆلی نوێی دەستبەسەر و بانگهێشت کردن زۆربەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێرانی گرتۆتەوە.

لەگەڵ دەستپێکی شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە ماوەی ٢ حەفتەی رابردوودا، هێزە ئەمنیەتییەکان دەیان هاووڵاتیی کوردی ناوچە کوردنشینەکانی ئێرانیان بانگهێشت و دەستبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵ و راپۆرتە بڵاوکراوەکان لە درێژەی رەوتی ئەو دەستبەسەر کردنانەدا، محەمەد مەولایی، شەهرووز مامەندی، یۆسف ئاب خەراباد، سیروان حوسێن پەناهی، کۆمار خدری، ئارام بەهرامی، سەیوان ئیبراهیمی، رەحیم دەروێشی، دیاکۆ دەروێشی، فەتاح و سەیوان پەژووهی هاوڕی لەگەڵ ٢ کەسی دیکە کە ناسنامەیان نەزانراوە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە هەتا ئێستا لەمەڕ هۆکار دەستبەسەر کردن و شوێنی راگیرانیانی ئەو هاووڵاتییانە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لەلایەکی دیکەوە هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، کۆمەڵیک لە هاووڵاتییانی گوندی "ئاویهەنگ"ی سەربە شاری سنەیان بە ناوەکانی "ئایەت سفیدی، رزگار گوفتاری، ئارمان سەعیدی، ئارێز سەعیدی و حامید سەەعیدی"یان بانگهێشت و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێکراوە کە دواتر بە دانانی کارتی پێناسی خۆیان، ئازاد کراون.

لە درێژەی رەتی دەستبەسەر کردن و دەرکردنی حوکمی زیندانی بۆ هاووڵاتییان، کۆمەڵیکی دیکە لە چالاکانی سیاسی شاری ماکۆ بە تاوانی جۆراوجۆر حوکمی درێژ ماوەی ٣ مانگ هەتا ١٠ ساڵ زیندانی حوکم بۆ بڕاوەتەوە.

بەپێی هەواڵ و راپۆرتەکان لە ماوەی ٥ مانگی رابردوودا دادگای شۆرشی شاری ماکۆزیاتر لە ١٠ هاووڵاتیی کوردی ئەو شارەی بە تۆمەتی جۆراوجۆری وەک پڕوپاگەندە و ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حوکمی زیندانیی کردنیان بۆ بڕاوەتەوە.

رێکەوتی ٣٠ خەزەڵوەی ئەمساڵ هاووڵاتییەک بە ناوی "حوسێن راسک قزڵباش" تەمەن ١٨ ساڵ، کوڕی عەلی خەڵکی ناوچەی " عەجەمی بوورالان"ی سەربە شاری ماکۆ لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە تۆمەتی هاوکاری کردن یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ٣ مانگ و یەک رۆژ زیندانی تەعزیری و هەروەها بە تاوانی بەزاندنی سنوور بە ٢ ساڵ زیندانی و هەڵپەساردنی ئەو حوکمە بە ماوەی ٢ ساڵ مەحکووم کراوە.

هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "یاسین ئورین" کوڕی محەمەد و خەڵکی گوندی "تەخەلفان"ی سەربە شاری ماکۆ رێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری ماکۆوە بە ماوەی ٩ مانگ زیندانی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

هەروەها "محەمەد ئەفەندەک" کوڕی عوسمان تەمەن ٤١ ساڵ کوڕی عوسمان و خەڵکی شاری ماکۆ بە تۆمەتی پەیوەندی کردن بە حیزبێکی کوردی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران رێکەوەتی٨ی رەزبەری ئەمساڵ لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئەوو شارەوە بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم دراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا هاووڵاتییەکی دیکەی بە ناوی "محەمەد ئەسڵەحە دۆست" کوڕی حوسێن و خەڵکی گوندی "دێم قشڵاخ"ی سەر بە شاری ماکۆ، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حێزبێکی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی ئیسلامیی ئێران، رێکەوتی ٨ی سەرماوەزی ئەمساڵ لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری "خۆی"ـەوە بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری و هەڵپەساردنی ئەو حوکمە بە ماوەی ٣ ساڵ مەحکووم کراوە.

بەپێی ئەو حوکمە ئەو هاووڵاتییە پێویستە هەر ٤ مانگ جارێک سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات بکات و لێپرسینەوەی لێبکرێت.

هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "سلێمان کازمیان" کوڕی حوسێن و خەڵکی گوندی "میرزا خەلیل"ی سەر بەشاری ماکۆ رێکەوتی ١٢ی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن لقی ١٠ی داگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ"وە حوکمی ٦ مانگ زیندانی تەعزیری و هەڵپەسێرانی ئەو حوکمەی بۆ ماوەی ٣ سال پژڕاست کرایەوە.

لە درێژەی رەوتی بانگهێشت و لێپرسینەوە لە چالاکانی کرێکاریی ناوچە کوردنشینەکان، رۆژی ١٧ی بەفرانبار ١٣٩١ی هەتاوی "واحید سەیدە" یەکێک لە چالاکانی کرێکاریی شاری مەهاباد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت و بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر و نیو لێپرسینەوەی لێکراوە.

لە ماوەی ١٤ رۆژی رابردوودا دەتان کەس لە هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی مەهاباد، سنە، کرماشان، سەڵماس، دێولان، مەریوان، ماکۆ و روانسەرەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراون.

شەپۆلی دەستبەسەر کرانەکان بەستێنێکی خۆف و دڵەڕوکێی لای هاووڵاتییان دروست کردووە.

دوایین بارودۆخی زیندانیانی سیاسیی کورد
حوکمی زانیار و لوقمان رەوانەی بەشی جێبەجێ کردنی حوکمەکانی زیندان کرا

باوکی زانیار مورادی لە دیمانەیەکدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند کە رۆژی شەممە رێکەوتی ١٦ی بەفرانبار بەرپرسێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی حکوومەتی ئێران چاوی بە زانیار و لوقمان کەوتووە و خۆی بە مەئمووری ئاماری زیندانیان پێ ناساندوون و پێی راگەیاندوون کە بە چ هۆکارێک ئێوە هەتا ئێستا ئێعدام نەکراون؟

ئێقباڵ مورادی ئاشکرای کرد، ئیمام جومعەی شاری مەریوان لەسەر داوای وەزارەتی ئیتلاعات و بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی زانیار و لوقمان سەردانی شاری تارانی کردووە، ئەوەش لە کاتێک دایە ئیمام جومعه‌ی مه‌ریوان پیشتر له‌ نوێژی هه‌ینیدا رایگه‌یاندبوو که‌ زانیار و لوقمان بکوژی کوڕه‌که‌ی ئه‌و نین.

باوکی ئەو زیندانییە ئاماژەی بەوەشدا، لەو ماوەی نزیک بە ٤ ساڵ لە دەستبەسەر کرانیاندا هیچ کەس چاوی بە زانیار و لوقمان نەکەوتووە و تەنانەت لە بوونی پارێزەریش بێبەری کراون و هەتا ئیستا یەک کەس بە ناوی"حەسەن پایەدار پەیگیری دۆسیەی ئەو ٢ زیندانییە بووە و هەر جارێک کە سەردانی قازی "سەڵواتی" کردووە، بەرەوڕووی تووڕەیی و بێ حورمەتی کردنی ناوبرا بۆتەوە.

ئەمە لە حاڵێك دایە كە حوكمی ئێعدامی زانیار و لوقمان مورادی كە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پەسند كراوە، رێكەوتی ١٧ی رێبەندان هەواڵدەریی میهر بە شێوەی فەرمی لەزاری دادوەر "عومرانی" لێپرسراوی ئیدارەی دەفتەری دیوانی باڵای ئێرانەوە بڵاوی كردەوە.

زانیار و لوقمان مورادی رێكەوتی ١٠ی گەلاوێژ و ٥ی رەزبەری ساڵی ١٣٨٨دوو لاوی كورد بە تۆمەتی كوشتنی كوڕی ئیمام جومعەی شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كران.

مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن قازی سەڵواتی لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تاوانی "محارب و مفسد فی الارز" هەر دوویان حوكمی ئیعدام و جێبەجێ کرانی ئەو حوکمە لەبەر چاوی خەڵکیان بۆ بڕایەوە.

پاش رەوانە كردنی ئەو حوكمە بۆ لقی ١٤ی دیوانی باڵای وڵات حوكمی ئیعدامیان پەسند كرا و قازی عومرانی لێپرسراوی ئیدارەی نووسینگەی دیوانی باڵای وڵات وتوویە: سەلاحییەتی پێداچوونەوە بەو پەروەندە لە ئەستۆی دادگای كەیفەریی پارێزگای تارانە.

ئێقباڵ مورادی باوکی زانیار مورادی وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لەمەڕ بەڕێوەچوونی حوکمی زانیار و لوقمان، روو لە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران رایگەیاند: من داوا لە بەرپرسان دەکەم کە ئیزن بدەن زانیار و لوقمان لە دادگایەکی عادڵانەدا بە بوونی پارێزەرەوە داگایی بکرێن، بۆیە داوا لە سەرجەم چالاکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە هانامانەوە بێن و دەستی یارمەتییان بۆ درێژ دەکەم.

جگه‌ له‌م دوو زیندانییه‌، له‌ ئێستادا زیاتر لە ٢٧ چالاکی سیاسی و مه‌ده‌نیی کوردی دیکه‌ له‌ زیندانه‌کانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران چاوه‌ڕوانیی جێبه‌جێکردنی حوکمی ئێعدامەکەیان دەکەن.

بەپێێ دوایین هەواڵەکان لە ماوەی ٢ حەفتەی رابردوودا ٣ کەس لە زیندانیانی سیاسیی کورد دۆسیەکەیان لە دۆخێکی ناروون دایە

زیندانییەکی سیاسیی کورد پاش تێپەڕاندنی ١٦ ساڵ زیندانی و تەواو بوونی حوکمەکەی، ماوەی زیاتر لە ٥ مانگە لە زیندانی "رەجایی شاری کەرەج"دا راگیراوە.

سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو لە زیندانی "رەجایی شاری کەرەج"ـەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: "ئیبراهیم حوسێن‌پوور" زیندانیی سیاسیی کورد پاش تێپەڕاندنی ١٦ ساڵ زیندانی، ماوەی زیاتر لە ٥ مانگە حوکمەکەی تەواو بووە کە بە بیانووی ون بوونی دۆسیەکەی هەتا ئێستا لە زینداندا راگیراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، ماوەی ٥ مانگ پێش ئیستا حوکمی ئازادیی "ئیبراهیم حوسێن‌پوور" لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە رەوانەی زیندانی رەجایی شاری کەرەج کراوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو زیندانە بەبیانووی ون بوونی دۆسیەکەی، خۆ لە ئازاد کردنی دەبوێرن.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا، راگیرانی ئەو زیندانییە سیاسییە لە کاتێک دایە کە باری تەندروستی ناجێگیرە و بەهۆی ئەشکەنجەوە لاق، رێخۆڵە و سییەکانی تووشی چڵک کردن بوون و پێویستە بۆ چارەسەریی پزیشکی رەوانەی دەرەوەی زیندان بکرێت.

ئیبراهیم حوسێن پوور سەرەتای مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی لە شاری مەهاباد دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر "عەباس‌زادە" بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی ئۆپۆزسیۆن بە ١٦ ساڵ زیندان حوکم درا کە ئەو حوکمە لەلایەن دادگای پێداچوونە و دیوانی بەرزی وڵاتەوە پژڕاست کراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە سەباح حوسێن پەناهی چالاکی سیاسیی کورد، پاش تەواو بوونی حوکمەکەی، ئیدارەی ئیتلاعات سکاڵای لەسەر تۆمار کردۆتەوە و بەو هۆیەوە هەتا ئێستا لە زیندانی شاری قوروە راگیراوە.

بەرپرسانی زیندانی شاری سەقز ئیزنی چوونە مورەخەسی بە زیندانییەکی سیاسیی کورد نادەن

زیندانییەکی سیاسیی کورد بەناوی عەلی ئەمینی سەرەڕای ئەوە کە چەندین جار داوای مەرەخەسی کردووە، بەڵام هەتا ئێستا بەرپرسانی ئەو زیندانەوە وەڵامی داواکارییەکەی نادەنەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە رۆژی ٢٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە زیندانی ناوەندیی شاری سەقز ناساندووە.

عەلی ئەمینی سەرماوەزی ١٣٨٨ی هەتاوی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە دەستبەسەر و ماوەی ٢٢ رۆژ لە ئیتلاعاتی شارەکانی سەقز و سنەدا راگیرابوو.

کەسانی نزیک لە بنەماڵەی ئەو زیندانییە رایانگەیاندووە، کە لە ماوەی دەستبەسەر بوونیدا بە توندی ئەشکەنجە کراوە و ئاسەوارەکانی بە لەشیەوە دیار بووە.

ناوبراو دواتر و بە دانی بارمتەی ٣٠ میلیۆن تومانی بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراوە.
ئەم زیندانییە کوردە لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سەقزەوە بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم درابوو کە دواتر دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان حوکمەکەی بۆ ٣ ساڵ کەم کردەوە.

لە ماوەی ٦ مانگی رابردوودا دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دانی مورەخەسی بە زیندانیانی سیاسی خۆی بواردەوە.
بانگهێشت و مەحکووم کرانی خوێندکارە کوردەکان

دوابەدوای رەوتی بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد، زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆسەر چالاکانی خوێندکاری و هەروەها بڵاڤۆکە کوردییەکان رەوتێکی نوێی بە خۆیەوە بینیوە.

حیراسەتی زانکۆی ورمێ خوێندکارێکی ساڵی سێیەمی رشتەی کۆمپیوتری بە ناوی "عەلی میلانی" بانگهێشت کرد.

ئەو خوێندکارە کوردە بە هۆی هاوکاری و دامەزراندنی ناوەندی ئەدەبیی "ئیلام" و ناوەندی ئەدەبی "کورمانج"، لەلایەن بەرپرسانی حێراسەتی ئەو زانکۆیەوە بانگهێشت کراوە.

ناوەندی ئەدەبیی ئیلام پاش ماوەیەک لەلایەن بەرپرسان و حێراسەتی زانکۆی ورمێ"وە بەرەوڕووی ئاستەنگ و داخران بۆوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: عەلی میلانی پێشتریش بانگهێشتی ناوەندی بەسیجی خوێندکاریی ئەو زانکۆیە کرابوو و پێیان راگەیاندبوو لە ئەگەری بەردەوامیی چالاکییەکانی، بۆ ماوەی یەک تێرم لە خوێندن و چالاکی فەرهەنگی بێبەری دەکرێت.

لە ئێستادا ناوەندی ئەدەبی – فەرهەنگیی کورمانج لە زانکۆی ورمێ، نامیلکەی فیرکاریی بە زمانی کوردی چاپ و بە ناو خوێندکارە کوردەکانی سەرجەم زانکۆکانی کوردستانی ئێراندا بڵاوی دەکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە و بە پێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکانی خوێندکاریی پارێزگای ئیلام لەمەو بەدوا بۆ دەرکردنی هەر چەشە بڵاوکراوەیەک بە زمانی کوردی، پێویستە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو پارێزگایە مۆڵەتی فەرمی وەربگرن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارێزگای ئیلام وێڕای پژڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، رایگەیاند، هەنووکە لە پارێزگای ئیلام هیچ بڵاڤۆکێک بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو ناکرێتەوە و لە هاوینی ئەمساڵدا بڵاوکراوەی "چەرداوڵ" تەنیا بڵاڤۆکی کوردیی زانکۆی باختەری ئیلام کە لە قۆناغی کۆتایی بڵاوبوونەوەدا بوو، لەلایەن حێراسەتی ئەو زانکۆیەوە رێگری لێکرا.

لەلایەکی دیکەوە بەهۆی نەبوونی بۆدجەی پێویست، کۆمەڵێک لە مامۆستایانی زانکۆی پەیام نووری شاری شنۆ بە شێوەی خۆڕسک بڕە پارەیەکیان لە نێوان خۆیاندا کۆکردۆتەوە و تێچووی کڕینی پێداویستییەکانی ئەو زانکۆیەی دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: خوێندکاران بۆ کاروباری ئەنجومەنی فەرهەنگی و دەرکردنی بڵاڤۆکێکی خوێندکاری بە توندترین شێوە بەروڕووی سانسۆڕی بەرپرسان و بەسیجی ئەو زانکۆیە دەبنەوە.

نابەرپرسیارەتیی دەوڵەت و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زانستگەی پەیام نووری شاری شنۆ، نیگەرانی لای خوێندکاران درووست کردووە و هەڕەشە و رێگری لە هەر چەشنە پێشەکەوتنێکی خوێندکاران دەکات.

بەپێی هەواڵە و زانیارییەکان چەند رۆژ پێش ئێستا لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری سنە حوکمی ٦ مانگی زیندان و هەڵپەسێرانی ئەو حوکمە بە ماوەی ٥ ساڵ بۆ چالاکێکی خوێندکاری بەناوی "مەهدی دۆعاگۆ" بڕییەوە.

دادگای شۆڕشی شاری سنە تاوانی "مەهدی دۆعاگۆ" بەرپرسی یەکیەتیی دێمۆکراتیکی خوێندکارانی کورد، "چالاکی دژی تەناهی نیزام" راگەیاندووە، کە دواتر ئەو حوکمە لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پاریزگای کوردستانەوە پژڕاست کراوەتەوە.

پێشتریش یەکیەتیی دێمۆکراتیکی خوێندکارانی کورد لە بەیاننامەیەکدا زەخت و گوشار و دەستبەسەر کردنی چالاکانی سیاسی، مەدەنی و خوێندکاری وەک نموونەیەکی دیکە لە توند وتیژییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی بە دژی ئەو چالاکانە وەسف کردبوو.

ئەو خوێندکارەی "زانکۆی ئازادی ورمێ" بە هۆی بەشداری کردن لە ساڵڤەگەری کوژرانی "ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی"دا هاوڕێ لەگەڵ چەند چالاکێکی دیکەی خوێندکاری و فەرهەنگی دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین چالاکی خوێندکاریی و فەرهەنگیی ناسراوی وەک: عەباس کاکایی، دیاکۆ خەیات و شاهۆ حوسێنی بە هۆی هەڕەشە و گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە ناچاری وڵاتیان بەجێهێشتووە.

بەردەوامیی کوشتنی کۆڵبەرانی ناوچە سنوورییەکان
تەقەی راستەوخۆ لە کۆڵبەرێکی دیکەی کورد

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٧ی بەفرانبار کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "سمکۆ ئەحمەدی" تەمەن ١٨ ساڵ کوڕی کەریم و خەڵکی سەردەشت لە ئەنجامی دەستڕێژی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار بوو.

ئەو کۆڵبەرە کوردە پاش بریندار بوون بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری قەڵادزێی هەرێمی کوردستان کراوە.

پێشتریش رێکەوتی ١ی بەفرانبار هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "دڵشاد پیروزی" کوڕی عەلی لە ناوچەی "قانقا بەردانێ"ی شاری سەردەشت لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانی لێ ئەستێندرا.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا
هەواڵدەریی هێرانا
ئاژانسی موکریان