ئاژانسی کوردپا: کتێبی ئاریاییەکان لەلایەن مەسعوود بابایی زمانناس و وەرگێری کوردەوە لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا کتێبی ئاریاییەکان کە توێژینەوەیەک لەمەڕ رەگاژۆگەلی هێند و ئورووپاییە، لە ٣٦٠ ڵاپەڕەدا و بە هەژماری ١٠٠٠ دانە لەلایەن دەزگای "توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی" لە شاری هەولێر چاپ و بڵاو کرایەوە.

ئەو کتێبە کۆکراوەیەک لە نووسینەکانی "ڤێر گۆردۆن چایلد"ە کە "محەممەد تەقی فەرامەرزی" کردوویەتییە زمانی فارسی و دواتر لەلایەن مەسعوود بابایی وەرگێردراوەتە سەر زمانی کوردی.
ناوەرۆکی ئەو کتێبە چۆنیەتیی پەرە ئەستاندنی زمانی هێند و ئوروپایی دەخاتە روو و هەروەها باس لەوەش دەکات کە زمانەکانی ئەورووپا، ئامریکا و هێندی ئێستاش بەرهەمی رەگاژۆکانی زمانی هێند و ئورووپایین.
مەسعوود بابایی لە دایکبووی ساڵی ١٣٥٥ی هەتاویی شارۆچکەی نەوسوودی کوردستانی ئێرانە و خاوەن بڕوانامەی لیسانی زمانناسی کوردییە و هەتا ئێستا جیا لە لێکۆڵینەوە لە بواری زمانی کوردی، چەندین بەرهەمی زانستی و هزریی لە زمانی فارسییەوە وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی کە دەکرێ ئاماژە بە چەندین بەرهەمی وەک: پێکهاتە و راڤەی دەق، هەقیقەت و جوانی، ئافڕاندن ا ئازادی، جەجاڵ یان دژە مەسیح و نیچە و مەسیحیەت بکەین.





