حەفتەی چوارەمی مانگی بەفرانباری ١٣٩١
ئاژانسی کوردپا: بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، لەمەو بەدوا هەر حەفتە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" لە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاوە بڵاو دەکرێتەوە.

ئامانجی سەرەکیی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام دەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو مێدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.

"بەرموور" بە مەبەستی بەڵگەمەند کردنی ئەو راپۆرتە و بڵاوکردنەوەی سەرنج و رای چالاکانی بورای ژنان، لێدوان و وتوێژ لەگەڵ ئەو چالاکانە پێک دێنێت و بڵاوی دەکاتەوە.

راپۆرتی ئەم حەفتەیە، خۆسووتاندنی ٢ ژن لە روانسەر، دۆخی کچە قوتابیانی رووداوی شیناوێ، بەردەوامیی زەخت و گوشار بۆ سەر ژنانی بەهایی، سەرکەوتنی کچێکی ئێرانی لە ئاستی نێونەتەوەییدا، دەستبەسەر کرانی پارێزەرێکی ژن، دوایین گۆڕانکاری بڕیارنامەی "رێفۆرمی یاسای رێنامە"، ئازاد کرانی نازەنین دەیهەمی و چوونە مەرەخەسیی نەسرین ستوودە و بەهارە هیدایەت لە خۆ دەگرێت.

کوردســــــــــتان

خۆ سووتاندنی ژنان بۆ هۆی سەختیی باری ژیان

لە ٢ گوندی سەر بەشاری روانسەر ٢ ژن ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەر داوە و بەو هۆیەوە کەسێکیان بە توندی بریندار و کەسێکی دیکەشیان لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

چەند رۆژ پێش ئێستا کچێک بە ناوی"لەیلا بەراری" تەمەن ٢٤ ساڵ خەڵکی گوندی "دێ سوور"ی سەر بە شاری روانسەر و بە هۆی سەختیی باری ژیان، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و لە ئەنجامدا بووەتە هۆی گیان لەدەست دانی.

لەلایەکی دیکەوە ژنێک بە ناوی "رەعنا عەبدی" تەمەن ٤٢ ساڵ خەڵکی "بناوە چکۆ"ی سەر بە روانسەر بە هۆی نالەباریی دۆخی ژیانی ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و بەو هۆیەوە بە توندی تووشی سووتان بووە و دواتر بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی ئەو شارە کراوە.

پێشتریش لە رۆژی هەینی رێکەوتی ١٥ی بەفرانباردا کچێک بە ناوی "شلێر فەرهادی" تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی "قەلە گلێنە"ی سەربە بەخشی کۆزەرانی شاری کرماشان بە هۆکاری نادیار و دەستی دایە خۆ کوژی و بە چەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

نواندنی کەمتەرخەمی لەمەڕ چارەسەریی برینی کچە قوتابییەکانی شیناوێ و دووپات بوونەوەی ئەو ڕووداوە لە کامیاران

پاش تێپەڕینی زیاتر لە ٤٠ رۆژ بەسەر رووداوی ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی شیناوێ‌، دۆخی جەستەیی ١٠ قوتابیی ئەو رووداوە جێگیر نییە و لەو پێوەندییەدا قامکی دەستی سێ‌ کچە قوتابیی بە هۆی سووتانی لە ڕادەبەدەر بڕاونەتەوە.

دوابەدوای بەرەو خراپتر چوونی دۆخی تەندروستی ئەو کچە قوتابییانە، کۆمەڵێک لە نوێنەرە کوردەکان داوایان لە سەرکۆماری ئێران کرد کە بۆ چارەسەریی برینەکانیان رەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێن، بەڵام ئەو داوایە هەتا ئێستا بێ وەلام ماوەتەوە.

رۆژی ١٥ی سەرماوەز بە هۆی ئاگرکەتنەوەیەک لە قوتابخانەی پۆلی چواری سەرەتایی گوندی شیناوێی سەر بە پیرانشار، ٣٧ کچە قوتابی پۆلی ٤ی سەرەتایی بە هۆی تەقینەوەی سۆپەی نەوتی تووشی رووداوی ئاگربوون و هەتا ئێستا ٢ کەس لەو کچە قوتابییانە گیانیان لەدەست داوە.

پاش ئەو رووداوە ٢ مانگی نەخایاند کە ستاندارد نەبوونی کەرەسە گەرماییەکان، رووداوێکی دیکەی لە قوتابخانەی ناوچە کوردنشینەکان خولقاند.

هەر لەو پەیوەندییەدا رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی بەفرانبار بە هۆی گڕ کێشانی سۆپەی نەوتی لە یەکێک لە پۆلەکانی قوتابخانەی کچانەی گوندی "خامسان"ی سەربە شاری کامیاران، کچە قوتابییەک بریندار بوو.

هەروەها لەو رووداوەدا کچە قوتابییەکی دیکە بە ناوی "ئازیتا مورادی "دەست و دەم و چاوی" تووشی سووتان بوو کە بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانەی "بیهداشت"ی ئەو گوندە کرا.

ئێــــــــــــــــران

بانگهێشت کردنی هاووڵاتییەکی بەهایی بۆ تێپەڕاندنی حوکمی زیندانییەکەی

"ئەنیسا فەناییان" هاووڵاتی بەهایی و دانیشتووی شاری سیمنان، بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەی بانگهێشتی زیندانی ئەو شارە کرا.

بەشی جێبەجێ حوکمەکان (اجرای احکام) لە نامەیەکدا پێی راگەیاندووە کە رێکەوتی ٣٠یەمی بەفرانبار خۆی بە زیندانی سیمنان بناسێنێت.

پێشتر ئەو هاووڵاتییە لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تاوانی پەیڕەوەی کردنی دینی بەهایی و پڕوپاگەندە بۆ ئەو دینەکەی، ماوەی ٤ ساڵ و ٤ مانگی زیندانی تەعزیری بۆ بڕایەوە کە دادگای پێداچوونەوە ئەو حوکمەی بۆ ٢٢ مانگ داشکاند.

"سیامەک ئیقانی" مێردی "ئێنیسا فەناییان"یش بە ٣ ساڵ زیندان تەعزیری مەحکووم کراوە و هەنووکە زیاتر لە نیوەی حوکمەکەی لە زیندان تێپەڕ کردووە ئەوەیش لە کاتێک دایە ئەو ٢ هاوولاتییە بەهاییە ٢ منداڵی ٤ و ٩ ساڵ تەمەنیان هەیە.

هەروەها ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی هێزە ئەمنیەتیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردبووە سەر ماڵی دایکی ئێنیسا بە ناوی "سەبا رزوانی" و دەستبەسەریان کردبوو و دواتر ماوەی ٣ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیان بۆ بڕیبۆوە و پاش تێپەڕاندنی ٣ ساڵ لە ماوەی حکومەکەی لە زیندان ئێڤین ئازاد کرا.

دەرکران لە زانکۆ بە هۆی باوەڕمەند بوون بە ئایینی بەهایی

شکۆفە درەخشانیان لە خوێندکارانی رشتەی کارناسیی "مێعماری" لە زانکۆی "تەبەری" بابول لەلایەن بەرپرسانی حێراسەتی ئەو زانکۆیەوە لە خوێندن بێبەش کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاوبوونەتەوە، شکۆفە درەخشانیان کە خوێندکاری تێرمی ٧ی رشتەی کارناسیی "مێعماری بووە ریکەوتی ١٢ی بەفرانبار لەلایەن عێراسەتی زانکۆوە بانگهێشت کراوە و رۆژی ١٦ی بەفرانبار هەواڵی دەرکرانی لە زانکۆیان بە هۆی باوەڕمەند بوون بە "ئایینی بەهایی"یەوە پێ راگەیاندووە.

ئەو کچە خوێندکارە بە نێونجی نمرەی ٤٤/١٨ خوێندکاری نموونە و پلەی یەکەمی لە نێوان هاوپۆلییەکانیدا هەیە کە ٢ رۆژ بەر لە دەستپێکی تاقیکردنەوەکان هاوڕێ لەگەڵ کوڕێکی خاڵۆزای خۆی بەناوی "میلاد سەمیمی" بە هۆی باوەڕمەند بوون و پەیڕەوی کردنی ئایینی بەهایی لە زانکۆ دەرکران.

ژنێکی ئێرانی خەڵاتی ئەنجومەنی جیهانی "بیرکاری"ی ئامریکای بە دەست هێنا

خەڵاتی ٢٠١٣ی (Satter Prize) درا بە ژنێکی ئێرانی بە ناوی مریەم میرزاخانی کە هەنووکە لە زانکۆی ئێستانفۆردی ئامریکا وەک مامۆستا وانە دەڵێتەوە.

ئەم خەڵاتە هەر دوو ساڵ جارێک لە لایەن ئەنجومەنی "بیرکاری" ئامریکاوە دەرێت بەو کەسانەی کە دەستکەوتی گرینگیان لەو بوارەدا بووە.

ئەم ژنە ئێرانییە بە هۆی چالاکییەکانی لە بوارە فەزاییەکاندا خەڵاتی (Satter Prize) بۆ ساڵی ٢٠١٣ بە دەست هێناوە.

مریەم میرزاخانی کارناسی و دوکتۆرای لە زانکۆی هارواردی ئامریکا وەرگرتووە و ساڵی ١٣٧٤ لە ئۆلەمپیادی جیهانی پلەی یەکەمی بە دەست هێناوە.
گۆڤاری زانستیی Popular Scienc لە ساڵی ٢٠٠٥دا مریەم میرزاخانیی وەکوو یەکێک لە ١٠ کەسی نوخبەی ئامریکای باکوور دیاری کردبوو.

دادوەرێکی ژن لە شاری میانە دەستبەسەر کرا

سەرلەبەیانی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٦ی بەفرانبار "مەنیژە بێهلولی" دادوەری دادگا، لە لایەن لقی چواری دادیاری شاری میانەوە لە پارێزگای "ئازەربایجانی رۆژهەڵات" دەستبەسەر و پاشان رەوانەی زیندان کراوە.

مەنیژە بێهلولی رۆژی سێ‌شەممە لە زیندانەوە و لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بنەماڵەکەی لە دەستبەسەر بوونی خۆی ئاگادار کردبۆوە.

دادیاریی لقی ٤ی شاری میانە رەزامەندی لەگەڵ ئازاد کردنی ناوبراو بە دانانی بارمتەی ٥ میلیۆن تمەنی دەربڕیبوو کە دواتر دادگای ئەو شارە دژایەتیی لەگەڵ ئەو بڕیارە دەربڕیبوو.

ماوەی ٥مانگ پێش ئێستا دادستان و بازپۆرسی دادگای میانە چووبوونە شوێنی کاری مەنیژە و سەرجەم بەڵگە و فایلەکانی ناوبراو دا زەوت کردبوو.

بازنەی بەربەستەکان بۆ ژنانی ئێرانی بەرتەسک‌تر دەبنەوە

پەسەند کرانی بڕیارنامەی نوێی "رێفۆرمی یاسای رێنامە" لە کۆمیسیۆنی ئەمنیەتی مەجلیس و بە گوڕینی چەندین بڕگەی دەستووری، گوشارەکانی بۆ سەر ژنانی ئێرانی زیاتر کردووە.

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی بەفرانبار کۆمیسیۆنی ئەمنیەت و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیس کۆتاییان بە تاوتوێ کردنی ئەو بڕیارنامەیە هێنا و پاشان پەسەندیان کرد.

بەپێی ئەو بڕیارنامە نوێیە تەنیا ژنانی سەرووی ١٨ ساڵ و لەسەر ئیزنی دایک و باوکیان دەتوانن لە وڵاتی ئێران بچنە دەرەوە.

"مەهەدی دەواتگەری" نوێنەری خەڵکی شاری مەراغە و ئەندامی ئەو کۆمیسیۆنە رایگەیاندووە، بەپێی ئەو بڕیارنامەیە کچانی سەڵتی سەرووی ١٨ ساڵ تەمەن لەسەر ئیزنی دایک و باوکیان دەتوانن لە وڵاتی ئێران بچنە دەرەوە و ئەگەریش دایک یان باوکیان لە ژیاندا نەمابێت پێویست بە ئیزنی کەس ناکات.

ئەو ئەندامەی مەجلیسی ئێران هۆکاری پەسند کرانی ئەو بڕیارنامەیەی بەم شێوەیە باس کرد: "هەستی ئێرانی بوون وا دەکات کە ئیزنی چوونە دەرەوە بەو کچانە نەدرێت کە شوێن کەوتووی گەندەڵی ئەخلاقین.

ئەو بڕیارنامەیە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن دەوڵەتەوە پیشکەشی مەجلیس کرا و کۆمیسیۆنی ئەمنیەت و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیس لە رێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەردا پەسندی کرد.

نازەنین دیهیمی ئازاد کرا

نازەنین دەیهیمی لە خوێندکارانی رشتەی "شانۆ"ی زانستگەی تاران، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٣ی بەفرانبار پاش تەواو کردنی ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

ناوبراو کە کاری وەرگێڕانی "ئەدەبیاتی منداڵان"یشی دەکرد، رێکەوتی ٢٥ی رێبەندانی ١٣٩٠ی هەتاوی دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٢ مانگ بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێڤین لە دەستبەسەریدا بوو.

نازەنین ساڵی ١٣٩٠ بە تاوانی خوڵقاندنی کێشە و چالاکی دژی ئەمنیەتی نەتەوەیی حوکمی ٨ مانگ زیندانی تەعزیری و ٤ مانگ زیندانی هەڵپەسێراوی بۆ برایەوە و دواتر دادگای پێداجوونەوە ئەو حوکمەی پژڕاست کردەوە.

مانگی رەزبەری ئەمساڵ پاش بانگهێشت کردنی نازەنین دەیهیمی، بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی بۆ بەندی سیاسیی ژنان لە زیندانی ئێڤین راگوێزرابوو.

ئەو ژنە چالاکە لە دایک بووی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی و کچی "خەشایار دەیهیمی یەکێک لە نووسەر و وەرگێڕە بەناوبانگەکانی ئێرانە.

نەسرین ستوودە بە بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی مەرەخەسی پێ درا

نەسرین ستوودە پارێزەری زیندانی کراو و ئەندامی "کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ" رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٨ی بەفرانبار بۆ ماوەی ٣ رۆژ چووە مەرەخەسی.

ناوبراو یەکێک لە پارێزەرانی پلە یەکەمی دادگاکانە کە بە دادنانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەن ٣ رۆژ مەرەخەسی پێ دراوە و گەڕاوەتەوە ناو بنەماڵەکەی خۆی.

سەرەتا بەرپرسانی دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران داوای ١ میلیارد تمەن بارمتەیان لێ کردبوو.

نەسرین ستوودە کە لە رێکەوتی ١٣ی خەرمانانی ١٣٨٩وە بە تاوانی چالاکی دژی تەناهی نەتەوەیی لە گرتووخانەدا بوو، بۆ یەکەمجار ئیزنی مەرەخەسی پێدرا.

بەهارە هیدایەت بە بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی چووە مەرەخەسی

بەهارە هیدایەت یەکێک لە ئەندامانی شۆرای ناوەندیی "دەفتەری تەحکیمی وەحدەت" پاش ماوەیەکی زۆر بە دانانی بارمتە مەرەخەسی پێ درا.

"ئەمین ئەحمەدیان" هاوسەری بەهارە هیدایەت لە لاپەڕەی شەخسیی فەیسبووکی خۆیدا هەواڵی ئازادیی هاوسەرەکەی بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی بڵاو کردەوە.

ئەحمەدیان بڵاویشی کردەوە، کە مەرەخەسیەکەی بۆ ماوەی چەند رۆژێکی درێژ کراوەتەوە بە مەرجێک لە لێدوان بۆ میدیاکان خۆی ببوێرێت.

بەهارە هیدایەت دوابەدوای شەپۆلی نارەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی لە رێکەوتی ١٠ی بەفرانباری ئەو ساڵەدا لەلایەن دادگای شۆڕشەوە بە تاوانی بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و پڕوپاگەندە بە دژی نیزام بە ٥ ساڵ زیندانی و پیشتریش بە تۆمەتی "بێ‌ڕێزی کردن بە رێبەر"ی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حوکمی ٢ ساڵ زیندانی هەڵپەسێراوی بۆ بڕابۆوە.

هەروەها حوکمی ٢ ساڵ زیندانی هەڵپەسێراوەکەی چوەوە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە و بە ماوەی حوکمەکەی تەعزیرییەکەی زیاد کرا.

ناوبراو بە گشتی بە وەپاڵ دانی ١٥ تۆمەتەوە ماوەی ٩ ساڵ و نیو زیندانی بۆ بڕاوەتەوە کە ماوەی ئەو حوکمە لە زیندانی ئێڤین تێپەڕ دەکات.

ماوەیەک پێش ئیستا خەڵاتی " هراڵد ئەدلێستام"ی سوئێدی بە هۆی بوێری و پابەند بوون بە عەداڵەت لە هەمبەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران، پیشکەشی بەهارە هیدایەت کرا.

سەرچاوەکان: کوردپا، هێرانا، کۆمەڵەی خەبات بەدژی هەڵاواردنی خوێندن، موکریان، مێهر، کۆمیتەی هەواڵنیرانی مافی مرۆڤ