ئاژانسی کوردپا: رێوڕەسمی "شەوی شێعر‌ی جەوان" کە بڕیار بوو سەرلە ئێوارێی ئەمڕۆ سێ‌شەممە لە شاری پیرانشار دەست بە کارەکانی بكات، بەهۆی سەرما و سەخڵەتییەوە بەڕێوە ناچێت.

چالاکێکی فەرهەنگی لە شاری پیرانشارەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: رێورەسمی شەوە شێعری "جەوان" کە بڕیار بوو سەرلە ئیوارێی ئەمڕۆ٢٦ی بەفرانبار بە هاوکاریی ئەنجومەنی ئەدەبیی "چرا"ی پیرانشار و بە بەشداری کۆمەڵێک لە شاعیران و ئەدیبانی ئەو شارە دەست بە کارەکانی بکات، بەهۆی سەرماوە بۆ ماوەی ١٥ رۆژی دیکە دوا خرا.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە ئەوەشی خستەڕوو، بۆ بەڕێوبردنی ئەو شەوە شێعرە بەپێی بڕیاری "ئیدارەی فەرهەنگ و ئێرشادی ئیسلامی"، پێویستە سەرلەنوێ مۆڵەت وەربگرینەوە و چاوەڕوانی ئەوە دەکرێ کە ئەو ئیدارەیە لە دانی مۆڵەت خۆی ببوێرێت.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، هەتا ئێستا زیاتر لە ٤٠ کەس لە شاعیران و ئەدیبانی شاری پیرانشار بەرهەمەکانیان بۆ ئەنجومەنی ئەدەبیی چرا لەو شارە ناردبوو.