ئاژانسی کوردپا: ٢ ئەندامی بنەماڵەیەک لە شاری کەنگاوەر بە هۆی رووداوی گازەوە گیانیان لەدەست دا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی بەفرانبار دایک و کوڕێکی دانیشتووی گەڕەکی "پاشاخانی"ی شاری "کەنگاوەر" بە هۆی تەقینەوەی کەپسوولی گاز گیانیان لە دەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو تەقینەوە بە هۆی ناستاندارد بوونی کەپسوولی گازەوە هاتۆتە ئاراوە و لە ئەنجامدا ٢ هاووڵاتی بە ناوەکانی "گوڵێ تاجەدینی" تەمەن ٧٠ ساڵ و کوڕەکەی خۆی بە ناوی "شەمسەدین تاجەدینی" تەمەن ٥٠ ساڵ بونەتە قوربانی.
ساڵانە بە هۆی ناستاندارد بوونی کەرسە گازییەکان و کەمتەرخەمیی ناوەندەکانی چاوەدێری بەسەر کارگەکانی بەرهەم هێنانی ئەو کەرسانەدا دەیان هاووڵاتی تووشی کارەسات دەبن.
ئەوە لە کاتێک دایە تەنیا لە ماوەی ٦ مانگی یەکەم ئەمساڵ لە وڵاتی ئێران زیاتر لە ٢٠٠ هاووڵاتی بەهۆی رووداوی گازەوە گیانیان لەدەست داوە.





