ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی بانکەکانی پارێزگای کرماشان زیاتر لە ٥ هەزار فۆڕمی داخوازی "وامی هاوسەرگیری"یان بێ وەڵام هێشتۆتەوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی بانکەکانی پارێزگای کرماشان سەرەڕای ئیدعای کەمی بودجە، دەستیان بە نۆژەن کردنەوەی رووکاری دەرەوەی بانکەکان کردووە و ئەمە لە کاتێکدا ١٠ هەزار کوڕ و کچی ئەو پارێزگایە چاوەڕیی وەرگرتنی وامی هاوسەرگیری دەکەن.
سەرچاوەیەک بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: دوو ساڵ لەمەو پیش ئەو بانکانە تێکڕای دەرگا و پەنجەرەکانیان بە شێوەی لۆگۆی بانکەکان گۆڕێبوو.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی حکوومەتی ئێسلامی بەمەبەستی بردنە سەری رێژەی هاوسەرگیری لە ئێران، هەوڵی ئەوە دەدەن بڕی ئەو وامە زیاد بکەن، لە کاتێکدا بانکەکانی ٨ پارێزگای ئێران لەبەر نەبوونی بودجە توانای دابین کردنی ئەو وامەیان نییە.
بە پێی یاساکانی حکوومەتی ئێران وامی هاوسەرگیری تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەماوەی یەک ساڵی هاوسەرگیرییەکەیاندا داخوازییان پێشکەش کردبێت و ئەمە لە کاتێکدا بانکەکانی پارێزگاکانی "ئەردەبیل، خوراسانی باکور و باشور، خوزستان، قوم، گیلان، کرماشان و ئیلام" لە حاڵی حازردا لەبەر نەبوونی بودجە توانای دانی ئەو وامەیان نییە.




