ئاژانسی کوردپا: شەپۆلێکی بەرینی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی عەرەبی ئەهواز بەردەوامە و بە شێوەیەک هەتا ئێستا دەیان هاووڵاتیی عەرەبی ئەو پارێزگایە راپێچی زیندان کراون.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای مردنی گوماناویی هونەرمەندی عەرەب "ستار سەیاحی" بە سەدان هاووڵاتیی بە نیشانەی نارەزایەتی کۆبوونەوە و بەم هۆیەوە شەپۆلی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایەی گرتۆتەوە و و رۆژ لە دوای رۆژ رێژەی گیراوان روو لە زیاد بوون دەکات.
چالاکانی مافی مرۆڤ رایانگەیاندووە کە هێزە ئەمنیەتییەکان بۆ چاوترسێن کردنی چالاکانی فەرهەنگیی عەرب و پێشگیری لە کۆبوونەوەی سەرلە نوێی هاووڵاتییانی عەرەب، شەپۆلێکی بەرینی دەستبەسەر کردن ئەو پارێزگایەی گرتۆتەوە و هەتا ئێستا چەند شاعیر، چالاکی فەرهەنگی و مەدەنی دەستبەسەر کراون کە رێکەوتی ٢ی سەرماوەز "قاسم زرگانی"، "رەحیم حەمیدی" و "مەکی بریهی" خەڵکی "کوی رزگان و رێکەوتی ٤ی سەرماوە محەممەد ناسری دانیشتووی "کانتکس" دەستبەسەر کراون.
بنەماڵەی ئەو دەستبەسەر کراوانە وێڕای بەدواداچوون لەمەڕ چارەنووسی کوڕەکانیان هیچ زانیارییەکیان لەلایەن دادگای شۆڕش و ستادی خەبەرییەوە پێ رانەگەیەنراوە.
چالاکانی مافی مرۆڤ لەو پارێزگایە نیگەرانیی خۆیان لەهەمبەر ئەو کارەی هێزە ئەمنیەتییەکان دەربڕیوە و داوایان لە سەرجەم رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی و ئێرانی کردووە کەلە هەمبەر ئەو دەستبەسەرکردنانەدا بێدەنگ نەبن و ئەو کردەوانەی دەزگا ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران مەحکووم بکەن.




