ئاژانسی كوردپا: ٦ هاووڵاتیی خەڵكی مەهاباد كە ساڵی پار دەستبەر و دواتر بە دانانی وەسیقە ئازاد كرابوون، بۆ تێپەڕاندنی حوكمەكانیان رەوانەی زیندان كرانەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ٦ هاووڵاتیی كوردی خەڵكی مەهاباد بەناوەكانی "عەلی بوڕنا، عوسمان قادرنژاد، محەممەد ئیزەددوست، ئەنوەر ئیزەددوست، سمكۆ عوسمانی و سولێمان رەحیم زادە" كە رێكەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٠ لەگەڵ 14 كەسی دیكە دەستبەسەر و بە شێوەی كاتی ئازاد كرابوون،لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە بانگهێشت و رەوانەی زیندان كران.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە، ئەو ٦ هاووڵاتیە مەهابادییە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی پاش دادگایی سەرجەم بە ١٥ ساڵ و نیو حوكم دران كە بەم چەشنەیە "عەلی بوڕنا ٣ ساڵ زیندان، عوسمان قادرنژاد ٣ ساڵ، محەممەد ئیزەددوست ٢ ساڵ، ئەنوەر ئیزەددوست ٢ساڵ، سمكۆ عوسمانی یەك ١ ساڵ و نیو و سولێمان رەحیم زادە ٤ ساڵ" كە دواتر بە دانانی وەسیقە ئازاد كرابوون، رۆژی دووشەممە رێكەوتی ١٥ی خەزەڵوەر لەلایەن ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە بانگ كراونەتەوە و بۆ كێشانی حوكمەكانیان رەوانەی زیندانی ناوەندیی مەهاباد كراون.
٦ كەسی دیكە لەو هاووڵاتییانە كە هەتا ئێستا لە زیندان دان و سەرقاڵی تێپەڕاندنی حوكمەكانیانن بریتین لە: "عوسمان مەولان نژاد ٥ ساڵ، عەلی مەولان نژاد ٥ ساڵ، محەممەد ئەمین قادرزادە ٤ ساڵ، ناسر تەریق ٥ ساڵ، سەلیم چراغ مەنان ٤ ساڵ و سمایل ئەحمەدپوور ٥ ساڵ".
لە درێژەی راپۆرتی هەواڵنێری كوردپادا هاتووە، ٣ كەس لەو هاووڵاتییە كوردانە بەناوەكانی"چیا مەولان نژاد ٥ ساڵ زیندان، لوقمان سالک ٤ ساڵ زیندان و کاوە سالک ٤ ساڵ زیندان" لە زیندانی مەهاباد لە دەستبەسەریدان و تووشی نەخۆشیی چاو و گورچیلە بوونە.
"هیوا بەیرەمی و خوسرەو زرێ" دوو كەسی دیكە كەلە دادگادا لە حكم بەری بوون و بە یەكجاری ئازاد كران و هەروەها "زانیار قادرزادە" كە حوكمی ١ ساڵ و نیو حوکمی پێدراوە خۆی بە زیندان ناساندووە و دوو كەسی دیكەش بەناوەكانی "ناسر بێهجەتی ١ ساڵ و نیو و مراد حەسەن زادە ٦ مانگ" کە هەتا ئێستا بانگهێشت نەكراونەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە هەواڵنێری كوردپا گەیشتوون، ئەو ٢٠ هاووڵاتییە گیراوە زۆربەیان چالاكی فەرهەنگی، مەدەنی، خوێندكاری و مامۆستا بوون و زۆربەیان بە تاوانی چالاكیی سیاسیی، فەرهەنگی و مافی مرۆڤ و پێوەندی لەگەڵ حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی حكوومەت ئەو حوكمانەیان پێدراوە كە حوكمی ١٨ كەسیان سەرجەم ٥٠ ساڵە و ٢ كەسی دیكەشیان لە تاوان بەری بوون.




