ئاژانسی کوردپا: لەمەوبەدوا، خوێندکارانی زانکۆی کوردستان ژێتۆنی ژەمی نێوەڕۆیان بە ٣ بەرابەری نرخی پێشوو پێ دەدەن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای ئێعتراز و مانگرتنی خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لەمەڕ گران بوونی ژێتۆن و خواردن، بەرپرسانی ئەو زانکۆیە نرخی ژەمی نیوەڕۆی ٥ شەممەیان سێ بەرابەری نرخی پێشوو بەرز کردەوە.

بەرپرسانی زانکۆی کوردستان بە بیانووی کەمی بودجەی ئەمساڵ، لە هەڵوێستێکی دیکەدا ژەمی شەوانی ٥ شەممەشیان لە " سلف سرویس"ی زانکۆ لابردووە.

پێشتریش خوێندکارانی ئەو زانکۆیە بە ئێعتراز بە نرخی ژێتۆن و لابردنی ژەمی رۆژانی ٥ شەممە، مانیان گرتبوو.

ئەو ناڕەزایەتییە لەلایەن "دوکتور جهانشێر ئەمینی"ـەوە یەکێک لە بەرپرسانی زانکۆی کوردستان بە "مانگرتنی خوێندکارانی کێشە خولقێن" وەسف کرا.

ماوەیەک لەمەوبەریش حەراسەتی زانکۆی کوردستان ٥ خوێندکاری ئەو زانکۆیەی لە خوێندن بێبەش کردبوو.