ئاژانسی كوردپا: بە وتەی لێپرسراوی رێكخراوی "نێهزەتی فێركاری"ی ئێران، لەو وڵاتە ٩ میلیۆن و ٧١٩ هەزار هاووڵاتیی نەخوێندەوار هەیە.

عەلی باقرزادە لە لێدوانێكدا لەگەڵ "هەواڵدەریی فارس" وتوویەتی، ئاماری نەخوێندەواری لە ئێران، بەپێی ئامارەی حەشیمەتی ساڵی ١٣٩٠ بڵاو كراوەتەوە و بێگومان زیاتریش بووە.

باقرزادە ئاماژەی بەوەش داوە، نزیك بە ٤ میلیۆن لە نەخوێندەوارانی ئێران تەمەنیان لە نێوان ١٠ هەتا ٤٩ ساڵ دایە و راشیگەیاندووە، گرینگیی ئەم مەسەلەیە لەوە دایە چونكە ئەو كەسانە لەناو ریزە تەمەنی بەرهەمهێنەر و كارای كۆمەڵگای ئێران دان.

لێپرسراوان رێكخراوی "نێهزەتی فێركاری"ی ئێران وتوویەتی كە ئێران لەباری ئاماری نەخوێندەوارییەوە لە وڵاتانی وەك: "قەتەر، عەرەبستان، بەحرەین و توركیە"ش زیاترە.

رێژە و چوونە سەری ئاماری نەخوێندەواریی لە ئێران لە كاتێكدا بە بەراوردی ساڵی ١٣٩٠ رووی لە زیادبوون كردووە، كە بەرپرسان و لێپرسراوانی پەروەردەیی ئێران بەردەوام باس لە بنبڕكردنی نەخوێنەواری لە ئێران دەكەن.

مامۆستایان و چالاكانی فەرهەنگی لەو باوەڕە دان ئاماری ١٠میلیۆن نەخوێندەواری لە ئێران بەپێی ئامارە فەرمییەكان بڵاو كراوەتەوە كە ئامارە غەیرە فەرمییەكان باس لە رێژەیەكی لەوە زیاتر دەكەن.