ئاژانسی كوردپا: خەڵاتی ساڵانەی ئازادی قەڵەمی سوید بۆ ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن ناوەندی "تورگنی سگرستد"ەوە بەخشرایە رۆژنامەنووس و نووسەرێكی كوردی كوردستانی توركیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی كوردپا، "دڵشاد دمیربەگ" ژنە نووسەر و رۆژنامەنووسی كوردی كوردستانی توركیە لەلایەن ناوەندی "تورگنی سگرستد" خەڵاتی ساڵانەی ئازادیی قەڵەمی وڵاتی سویدی پێ‌ بەخشرا.

ئەو خەڵاتە هەر ساڵە بە نووسەر یان رۆژنامەنووسێك دەدرێت كەلە بواری رۆژنامەنووسی و هەوڵدان بۆ ئازادیی رادەبڕین چالاك بێت.

بەپێی سەرچاوەكان "دڵشاد دمیربەگ" بەهۆی چالاكیی لێبڕاوانەی لە بوارەكانی رۆژنامەوانی، بەرگری لە ئازادیی رادەربرین، خەبات بەدژی رەگەزپەرستی، دوگماتیزمی مەزهەبی، كوشتنی نامووسی و ئەزیەت و ئازاری ژنان ئەو خەڵاتەی پێدراوە.

دڵشاد دمیربەگ لەدایك بووی ساڵی ١٩٦٩ی كوردستانی توركیەیە و ئێستا دانیشتووی شاری "ستۆكهۆڵم"ی وڵاتی سویدە.

نووسەر و رۆژنامەنووس و یەكێك لە دامەزرێنەرانی "رێکخراوی هۆندنەوەی چیرۆك"ە كەلە بواری بارهێنانی منداڵانی ناوچە دورخراوەكاندا چالاكە.

خەڵاتی ئازادیی قەڵەم لە ساڵی ١٩٩٦ەوە بە نووسەران دەدرێت و بۆ رێزلێنان و بیرئانینی "تورگنی سگرستد" وەشانكار و مێژوونووس دیاری کراوە، ناوبراو یەكێك لە دژبەرانی داگیركردنی سوید بووە لەلایەن ئاڵمانی نازییەوە.