ئاژانسی كوردپا: رۆمانی "گرێچنی رەنج" لە نووسینی عەلیمحەممەد ئەفغانی رۆماننووسی ناسراوی كرماشان، پاش سێ دەیە بۆ جاری دووەم چاپ و بڵاو كرایەوە.
رۆمانی "گرێچنی رەنج"ی عەلیمحەممەد ئەفغانی رۆماننووسی كوردی كرماشان كە بۆ یەكەم جار ساڵی 1361 چاپ و بڵاو كرابۆوە، پاش سێ دەیە دووبارە لەلایەن وەشانگەی "نیگا"وە چاپ و بڵاو كرایەوە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا، ئەفغانی كە لەژێر سێبەری رۆمانی ناسراوی "مێردەكەی ئاسكە خاتوون"دا بەرهەمەكانی دیكەی كەمتر دەركەوتوون، گلەیی هەیە و چەندین جاریش ئەمەی باس كردووە كە بەرهەمی دیكەی جیا لەو كتێبەی نووسیوە و هەمووشیانی وەك یەك خۆش دەوێت.
ناوەرۆكی رۆمانی "گرێچنی رەنج" بەسەرهاتی پیاوێكی پەنجا ساڵەیە كە لەگەڵ هاوسەرەكەی یاسەمەن و منداڵەكەی لە "تیروون"ی سەر بە ئیسفەهان لە ماڵێكی نیوەچڵدا دەژن و یاسەمەن تەونگەرێكی شارەزایە كە هەر لە منداڵییەوە فێری ئەو پیشەیە بووە و ئێستا لە رێگای تەونگەری و فرۆشتنی بە ئاغای "ف" لە دابین كردنی بژیوی ژیاندا یارمەتیی مێردەكەی دەدات.
لە بەشێكی دیكەی ئەو رۆمانەدا "رزوان" كە یەكێك لە كاراكتێر و گێڕەرەوەكانی رۆمانەكەیە دەورانی منداڵی، مێرمنداڵی و هەروەها لاویەتیی خۆی كە هاوكاتە لەگەڵ شەڕی دووەمی جیهانی و هەژاری، قاتوقڕی و برسیەتی، دەگێڕێتەوە

رۆمانی "گرێچنی رەنج" تراژیدیایەكی واقیعی كە نووسەر تێیدا بە زمانێكی سادە و هێندێ جار بە شێوەزاری ناوچەیی ژیانی سەخت و پڕ لە ئازار و ئەو ستەمانەی كەلە ساڵانی 1300 هەتا 1330ی هەتاوی بەسەر چینی هەژار و لاوازی كۆمەڵگای ئێراندا هاتووە، وێنا كردووە.
عەلیمحەممەد ئەفغانی، رۆمانووس و شانۆنامەنووسی كوردی فارسی نووس لەدایك بووی ساڵی 1303ی شاری كرماشانە و بەشێك لە بەرهەمەكانی بریتیتن لە: "مێردەكەی ئاسكە خاتوون"، "بەختەوەرەكانی دۆڵی قەرەسوو"، "سیندوخت"، "شێلم میوەی بەهەشتە"، "جاڕ"، "مەحكووم بە ئیعدام"، "دوكتۆر بەكتاش"، "هاوسەفەران"، "كچە خاڵی پەروین"، "سۆفیی سەحنە و دزی كەنگاوەر"، "دونیای باوكان و دایكان"، "حاجی ئەڵڵا باشی" و "ماڵاوا كچەكەم".





