كوردپا: چەند رۆژ لەمەوبەر كرێكارێك لە شەهرەكی جادەی ساحلیی شاری سنە بەهۆی رووداوی كارەوە گیانی لەدەست دا.

ماڵپەڕی كۆمیتەی هاودەنگی بۆ پێكهێنانی دامەزراوە كرێكارییەكان بڵاوی كردەوە، زانیار مورادی تەمەن 22 ساڵ لە كاتی كاركردندا بەهۆی بەربوونەوە لەسەر دابەست گیانی لە دەست دا.

پێشتریش فەتحوڵڵا سوهرابی تەمەن 60 ساڵ و غاڵب زارعیش لە هاووڵاتییانی شاری سنە بەهۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەند كرێكاری دیكەش بە ناوەكانی سەلاح قاسمی، تەمەن 35 ساڵ و كرێكاری پڕۆژەی "مسكن مهر"، عەبدوڵڵا توركەمان خەڵكی گوندی "میلان"‌ی سەر بە شاری ماكۆ و كرێكار لە كارگەیەكی بەخێو كردنی پەلەوەر و عەلیمحەممەد ساڵح قاتع، خەڵكی سەقز كرێكار لە كانگایەكی بەرد لە گوندی مەڵقەرەنی سەقز بە هۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست داوە.

كرێكارانی كورد لە ناوچە كوردنشینەكان لە كەرتە بچووكەكانی كار بەهۆی بێبەش بوون لە مافی بیمە و خزمەتگوزاری و ئەمنیەتی كار پاش رووداوی كار، هیچ مافێكیان پێنادرێت كە ئەمەش یەكێكە لە گرفتەكانی كرێگاران لە كوردستان.