كوردپا: كچێكی تەمەن 17 ساڵانی كورد بەناوی لە ناوچەی شپیرانی سەر بە شاری سەڵماس دەستی دایە خۆكوژی و گیانی لەدەست دا.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا، رێكەوتی 24ی بانەمەڕ كچێكی تەمەن 17 ساڵانی كورد بەناوی "توركەمان" دانیشتووی گوندی "دۆستان"ی سەر بە ناوچەی شپیران لە شاری سەڵماس بەهۆی سووكایەتی و بێحورمەتی لەلایەن باوكییەوە دەستی داوەتە خۆكوژی و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.
هەوالنێری كوردپا ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو كچە لە حاڵێكدا خۆی رازاندۆتەوە و ویستوویە لە ماڵ بڕواتە دەرەوە، لەلایەن باوكییەوە سووكایەتی پێكراوە، كە كچەكە پاش گەڕانەوە بۆ ماڵ بە چەكی راو خۆی كوشتووە.
كێشەی بنەماڵەیی و خەسارە كۆمەڵایەتییەكان لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران رۆژ لەگەڵ رۆژ لە پەرەسەندن دان و زۆر جار ئەو كێشانە بەرەنجامی خراپی وەك خۆكوژی و دیاردەی دیكەی لێدەكەوێتەوە.
بەپێی توێژینەوەیەك كە رێكخراوی ژنانی بانە لە پارێزگاكانی ئیلام، كرماشان و كوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا ئەنجامیان داوە، باوترین شێوازی خۆكوژی كە ژنانی كورد لەو ناوچانە بەكاری دەهێنن، خۆسووتاندنە.
بەپێی هەمان توێژینەوە، دەكرێ هۆكارەكانی وەك: نەریتی بوونی كۆمەڵگا، لە خوارەوە بوونی رێژەی خوێندەواری، پێكهاتەی كۆمەڵایەتی، جێ نەكەوتنی شارنشینی وەكوو دیارەدەی مۆدێڕن، پیاوسالارانە بوونی كۆمەڵگا، بێكاری و هەژاری و كێشەی بنەماڵەیی زەمینەكانی پەرەسەندنی دیاردەی خۆكوژی و خۆسووتاندن بن.
بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای ساڵی 1391 و لە ماوەی نزیك بە ٢ مانگی رابردوودا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران ١٤ هاووڵاتیی كورد بەهۆی جۆراوجۆر دەستیان داوەتە خۆكوژی.
ئەو ئامارە بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و دەكرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت





