لە شاری سەقز شانۆی هونەری - مێژوویی "هاواری كەرەفتوو" لە نووسینی رەسووڵ بانگین و لە دەرهێنانی ئەمیر زارع زادە لە 24ی خەزەڵوەرەوە دەستی پێكردووە و هەتا 30ی خەزەڵوەر دەخایەنێت.

دەقی شانۆی هاواری كەرەفتوو بەرهەمی شەش مانگ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی گرووپی شانۆی "پەیوەند"ە و ئامانجی بەرهەمهێنانی بەرهەمی هەرمانی كۆمەڵێك بەڵگە و ئاسەواری مێژوویی شاری سەقزە لە قۆناغە جیاجیاكان و سەردەمی ئێستادا.

ماڵپەڕی سەقزئاوا بڵاوی كردەوە لەو بەرهەمە شانۆییەدا هەوڵ دراوە بارودۆخی سەردەمی "ماناییەكان هەتا ساسانییەكان" پیشان بدرێت و لایەنی ژیانی گەورە و ناودارانی مێژووی شاری سەقز وەكوو: مەلەكولكەلام مەجدی سەقزی، شێخ رەئووف زیایی، سەیفوڵڵا خان ئەردەڵان، سەیفەدین خان ئەردەڵان، محەممەد شەریف نیلووفەری (حاج حەكیم) و عەبدوڵڵا خان وەجدی لەخۆ گرتووە.

لەو شانۆوە هونەریی و مێژوویەدا كۆمەڵێك هونەرمەندی خاوەن ئەزموون و لاوی شاری سەقز رۆڵ دەبینن كە كەوتۆتە بەر سەنجی ئامادەبوان.