كوردپا-CHN هەواڵدەری ئاسەواری فەرهەنگیی ئێران بڵاوی كردەوە، پیرترین نیگابانی ئاسەواری فەرهەنگیی جیهان لە "تەخت سلێمان"ى تیكاب كۆچی دوایی كرد.
عەزیز عاشقی پیرترین نیگابان و پارێزەر و رێنوێنی ئاسەواری مێژوویی ئێران لە "تەخت سلێمان"ی تیكاب لە ئازەربایجانی رۆژئاوا لە تەمەنی 84 سالێدا كۆچی دوایی كرد.
ناوبراو ساڵی 1306 لە گوندی ئەحمەد ئاوای تیكاب و لە بنەماڵەیەكی وەرزێڕ لە دایك بووە و ساڵی 1338 بە هەڵكەوت لەگەڵ گرووپێك لە كەوناراناسان ئاشنا بووە و لەو كاتەوە وەك كرێكار و نیگابان لە ئاسەواری كەونارای تەخت سلێمان دەستی بەكار كردووە.
عاشقی ساڵی 1372 پاش سێ دەیە كار و چالاكی خانەنشین دەبێت، بەڵام بەهۆی هۆگری و دڵسۆزیی بەو ئاسەوارە مێژووییە وەك رێنوێنی ئاسەواری مێژوویی تەخت سلێمان هەر بەردەوام بووە و نازناوی پیرترین رێنوێنی گەشتیاریی ئاسەوارە مێژووییەكانی پێدراوە.
بەهۆی هۆگری و مەیلی بەكاری فەرهەنگی و گەشتیاری زمانەكانی كوردی، فارسی، ئینگلیزی، ئاڵمانی و فەرانسەیی زانیوە و بە ئاسانی لەگەڵ موسافیر و گەشتیاران پێوەندیی گرتووە.
وەسیەتی كردووە لەناو ئاسەواری مێژوویی تەختی سلێمان بنێژرێ.
ئاسەواری جیهانیی تەخت سلێمان لە 48 كیلۆمیتریی شاری تیكاب هەڵكەوتووە و ئاسەواری سەردەمی هەخامەنشی، ئەشكانی و ئیلخانی و بەتایبەت ساسانییەكانە و هەر لە سەردەمی ساسانیەكاندا بووە بە ناوی "ئازەرگەشەسب" شوێنی تاج لەسەر نانی پاشاكان و بەناوبانگترین ئاورگەی ئەو سەردەمە بووە.
ئاسەواری تەخت سلێمان یەكێكە لە چوار بەرهەمی میللیی تۆمار كراوی ئێران كەلە ریزی ئاسەوارە جیهانییەكانی یونسكۆدا جێگای گرتووە.
پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا لە بواری ئاسەواری مێژوویی و كەونارایددا لە رێزی 10 پارێزگای یەكەمی ئێراندا پلەی پێنجەمی هەیە و هەتا ئێستا 1450 بەرهەمی مێژوویی و كەونارایی لەم پارێزگایە تۆمار كراوه.
هەواڵەکانئێرانفەرهەنگی و ئەدەبی
پیرترین نیگابانی ئاسەواری فەرهەنگیی جیهان لە تیكاب كۆچی دوایی كرد
CHN هەواڵدەری ئاسەواری فەرهەنگیی ئێران بڵاوی كردەوە، پیرترین نیگابانی ئاسەواری فەرهەنگیی جیهان لە "تەخت سلێمان"ى تیكاب كۆچی دوایی كرد. عەزیز عاشقی پیرترین نیگابان و پارێزەر و رێنوێنی ئاسەواری مێژوویی ئێران لە "تەخت سلێمان"ی تیكاب لە…





