ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی کارەساتی هەڵەبچە لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە بەڕێوەچوو

20:22 - 21 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: سمینارێک لە سەر کیمیاباران کردنی شاری هەڵەبجە و کوژرانی ٥ هەزار کەس لە دانیشتوانی ئەو شارە، لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی ڕەشەممە، بە هیمەتی کانوونەکانی شێعر و ئەدەب، نالی، تاوژین و ئەهورا و جێگیری فەرهەنگی کۆمەڵایەتی زانکۆی کوردستان لە تالاری \"مەولەوی\" ئەو زانکۆیە، سمێنارێک بۆ ساڵێادی کیمیای باران کردنی شاری هەڵەبجە، بەڕێوەچوو.

لەو ڕێوەڕەسمەدا، بەرپرسی زانکۆی کوردستان، ئاماژەی بە گرینگی نەدان بە لایەنە جۆراوجۆرەکانی کارەساتی هەڵەبجە کرد و ڕایگەیاند: کەمتر کار لە سەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی کارەساتی هەلەبجە کراوە و زانکۆکان دەبێت کاری لێکۆڵێنەوەی زیاتر لەو بوارەدا، ئەنجام بدەن.

بەرپرسی زانکۆی کوردستان هەروەها ڕایگەیاند: ئێمە نابێت بە نیسبەت چارەنووسی یەکتر \"بێ تەفاوت\" نەبین.

یەکێکی دیکە لە دواندەرانی ئەو ڕێورەسمە، شەهرام محەممەدی، مافناس و ئەندامی هەیئەتی زانستی زانکۆی کوردستان بوو و گوتی\" چەکە کیمیاییەکان بۆ یەکەم جار لە شەڕی یەکەمی جیهانی و ساڵی ١٩١٥زایینی کەڵکی بەکاربراوە و لێوەرگیراوە.

ئەو ئەندامەی زانستی زانکۆی کوردستانە بە ئاماژە کردن بە، کارەساتی هەلەبجە و پشتیوانی نەکردنی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و وڵاتانی بیانی ڕایگەیاند: وڵاتانی بیانی و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان زۆڵمێکی زۆر گەورەیان لەو خەڵکە کرد.

یەکێکی دیکە لە دواندەران، حوسێن دانش‌مێهر، کۆمەڵناس و ئەندامی هەیئەتی زانکۆی کوردستان بوو، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێک زیاتر پێویستمان بەبەڕێوەبردنی ساڵیادگەلێک لەم جۆرە هەیە هەتا بتوانین کارەساتگەکێک لەم چەشنە دووپات نەبێتەوە.

ئەو کۆمەڵناسە کوردە دەڵێت: لە ناوچوونی هێزی مرۆیی، لە کارکەوتنی نیزامی بەرهەم هێنان، پراوێزخرانی کۆمەڵایەتی، لەناوچوونی بوارە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا و ... لە لێکەوتەکانی کارەساتی کیمیاباران کردنی هەلەبجە بوون.

هەروەها، لەو سمینارەدا، حوسێن سەفامەنش، چەند گۆرانێک لە سەر ڕووداوی کیمیاباران کردنی شاری هەڵەبجە پێشکەش بەبەشدارانی ئەو سمینارە کرد.