سەقز؛ چێشتخانەی "ڕۆمانۆ" بەپێی یاسای بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ "بێ حیجابی" داخرا

23:12 - 18 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣، چێشتخانەی "ڕۆمانۆ" هەڵکەوتوو لە شاری سەقز بە فەرمانی "ئیدارەی چاوەدێریکردن بەسەر شوێنە گشتییەکانی فەرماندەیی ئینتیزامیی شاری سەقز" و بەپێی یاسای بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ "بێ حیجابی" داخرا.

بەپێی ڤیدیۆیەک کە لە داخرانی ئەم چێشتخانەیە بە کوردپا گەیشتووە، ئەم چێشتخانە هەتا ئاگادارکردنەوەی دوایی بە هۆی ڕەچاونەکردنی یاسای سەندیکایی و ئاییننامەی شوێنە گشتییەکان هەتا کاتێکی نادیار داخراوە.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی ئەم چێشتخانەیەدا هاتووە، ئەم چێشتخانەیە دوابەدوای گەڵاڵەی گشتیی حیجاب و ڕەچاونەکردنی پرسی حیجاب داخراوە و ٥٠ کەس لە پێرسۆنێلی ئەم چێشتخانەیە بێکار کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا داخرانی ئەم چێشتخانەیە ناڕەزایەتییی خەڵکی بەدواوە بووە و خەڵک لەسەر ئەو باوەڕەن کە کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتدا دژی هەر چەشنە شادی و خۆشییەکی خەڵکە.

چێشتخانەی "ڕۆمانۆ" یەکێک لەو چێشتخانانەیە کە بۆ گەشتیارەکان گرینگە و زۆربەی شەوان مووزیک و گۆرانی کوردیی تێدا بڵاو دەکرێتەوە.