لە دەسپێکی خۆپێشاندانەکان لە ئێراندا، هەتا ئێستە نزیک بە ٥٠ خوێندکار دسبەسەر کراون

14:01 - 15 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: لە دەسپێکی خۆپێشاندانەکان لە شارەکانی ئێران و کوردستاندا، هەتا ئێستە نزیک بە ٥٠ خوێندکاری ئێرانی و کورد لە لایەن هێزە ئەمنیەتی_ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵە گەیشتووەکان بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە کاتی دەسپێکردنی خۆپێشاندانەکانی ئێران و کوردستان، ژمارەیەک لە خوێندکاران، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە، بە تۆمەتی بەشداریی لە خۆپێشاندان و هاندانی خەڵکی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین و هاتنە سەر شەقامەکان، دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتە بەراییەکان، هەتا کاتی بڵاوبوونەوە ئەم هەواڵە نزیکەی ٥٠ خوێندکاری کورد و ئێرانی لە زانکۆکانی ئێران دەسبەسەر کراون و تەنانەت هیچ ئاگادارییەک لەسەر چارەنووسی ئەو خوێندکارانە لە بەردەستدا نییە.

شوناسی هێندێک لەو خوێندکارانە کە لە زانکۆکانی ئێران دەسبەسەر کراون بریتین لە:

سینا ڕەبیعی، موحسێن حەقشناس، میکائیل قولیڕاد، پدرام پەزیرە، محەممەد محەممەدیان، عەلی موزەفەری، مەهدی وەهابیسانی، سوهەیل موەحێدان، ئارش ئاوەری، دانیال ئیمان، ئەمیرحوسێن عەلی تەڵەب، مەجید ئەکبەری، موحسێن تۆرابی، کەسرا نووری، لەیلا حوسێنزادە، سەما درەخشانی، فائیزە عەبدی پوور، مەجید موسافر، محەممەد خانی، سیاوەش ئەمجەدی، موحسێن شاهوون و سینا غەفاری، محەممەد شەریفی موقەدم ڕیابی، محەممەد جەواهری، موحسێن میرموحسێنی، سەها مورتزایی، محەممەدئەمین ئوسانلوو، یاسەمین مەحبووبی، حیسام حوسێنزادە، تارخ مەلەکی، ئەمیر خوسرەوی، عەلی ئەسەدی، سوهەیل ئاقازادە، لوقمان وەیسی، پەیمان گراوند، سینا عومران، نگین ئارامش، ئەمین خوسرەوی، محەممەد ئەحمەدیان هێرەوی، مەیسەم شەریف، میکائیل قولیزادە، عەلی قەدیری، وەفا ڕاستی، تووران مێهرەبان، موحەڕم سابیری و ئیحسان محەممەدی.

لە پەیوەندی لەگەڵ گیرانی خوێندکاران لە خۆپیشاندانەکان، وەزیری زانست و فەناوەری ڕایگەیاندووە: کە زانیارییەکی وردیان لە بارەی خوێندکارانی دەسبەسەرکراو لە بەردەستدا نییە و هێشتا هیچ ئامارێك بە وەزارەتی زانست لەم بارەوە نەدراوە.