ئێعدامی ٨ هاووڵاتیی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج

14:23 - 30 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران، حوکمی ئێعدامی ٨ زیندانیی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، جێبەجێ کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەز، ٨ زیندانی لە گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج کە بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە حوکمەکەیان بەڕێوەچوو.

شوناسی چوار کەس لەو زیندانییانە بە ناوەکانی \"مستەفا چوار دۆڵی\"، لە بەندی ١، \"ئەمیرعەباس ئەردەستان\" لە بەندی ٣، \"حەمید عەبدوڵڵاهی\" لە بەندی ٦ی لاوان و \" نیما ئیسماعیلیان\" لە بەندی ٤ ڕاگەیەندراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەو بارەیەوە بڵاوی کردووتەوە، حەمید عەبدوڵڵاهی تەمەنی ٢٤ ساڵ بووە و لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەسبەسەر کرا.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، شوناسی چەند کەسی دیکە لە ئێعدام کراوەکان هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە بە ناڕوونی ماوەتەوە.

دەگوترێت، ئەو ٨ کەسە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست ئەو حوکمەیان بە سەردا سەپاوە.

ئێران، پاش وڵاتی چین بە دووهەمین وڵات لە جیهاندا بە ئەژمار دێت لە ئێعدام کردنی هاووڵاتییانی خۆی.