شنۆ؛ دەسبەسەرکرانی سەید ئەیووب مووسەوی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە

19:27 - 19 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سەید ئەیووب مووسەوی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو، خەڵکی گوندی «میراوێ» سەر بە شاری شنۆ، پاش بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای ئەم شارە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاوڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

سەید ئەیووب مووسەوی کۆتاییەکانی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٧یش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ساڵی ١٣٩٨، ئەم هاوڵاتییە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری دووی شنۆوە بە تۆمەتی «ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران» بە ٥ ساڵ بەندکران سزا درا و ئەم سزایە بەپێی ماددەی ٤٤٢ بۆ  سێ ساڵ و نۆ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

ئەیووب مووسەوی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی بەفرانباری ١٣٩٨  بە مەبەستی  جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا و ساڵی ١٤٠٠ بە شێوەی مەرجدار لە بەندیخانە ئازاد کرا.