ئێران جارێکی دیکە بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووکانەوە مەحکووم کرا

13:41 - 30 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: حکوومەتیی ئیسلامیی ئێران لە بڕیارنامەیەکدا، کە لەلایەن دەوڵەتی کاناداوە پێشنیار کرابوو، جارێکی دیکە بە لە ژێر پێنانی مافی هاووڵاتییان لەو وڵاتە مەحکووم کرا.


بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی سێشەممە کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارنامەیەکی لە دژی ئێران لە هەمبەڕ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن حکوومەتی ئێران، بە ٨١دەنگی ئەرێنی، ٣٠ دەنگی نەرێنی و ٧٠ دەنگی بێ لایەن پەسەند کرد.

حەسەن نایەب هاشم لە توییتی تایبەتی خۆیدا نووسیوویەتی: ئەو بڕیارنامەیە، بە \"دەنگی زۆر بەرز\" لە ساڵۆنی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرا.

ئەو بڕیارنامەیە لەلایەن وڵاتی کاناداوە پێشنیار کراوە و نوێنەری دەوڵەتی سووریە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەمبەر پەسەند کردنی ئەو بڕیارنامەیە لە دژی ئێران، ناڕەزایەتی خۆی دەربڕیوە.

لەلایەکی دیکەوە، توئیتی \"سیاسەتی دەرەوەی کانادا\" بە ئاماژە کردن بە دەنگی کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەو بڕیارنامە ڕایگەیاندووە، کە وڵاتی کانادا پشتیوانی لە مافی مرۆڤ لە ئێران دەکات.

ئەو کۆمیتەیە هەروەها نیگەرانی خۆی لە هەمبەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران، بارودۆخی نالەباری زیندانییەکان، ئازار و ئەشکەنجە و دەستبەسەرییە خۆسەرییەکان دەربڕیوە.