چالاکێکی کرێکاری، بانگهێشتی لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی سنە کرا

14:53 - 13 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە، بانگهێشتی دادگای پێداچوونەوەی ئەو شارە، کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکێکی کرێکاریی کورد بە ناوی \"خەلیل کەریمی\"، دەبێ ڕۆژی ٢٣ی جۆزەردانی ئەم مانگە، لە لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی شاری سنەدا، ئامادە بێت.

ئەم چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگای بەشداریکردن لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران و بەشداریکردن لە کەمپەینێک دژ بە لەسێدارەدانی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراو\"، بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

\"خەلیل کەریمی\"، ڕێکەوتی ١٩ی خەرمانانی ساڵی ٩٧، بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی، بانگهێشتی لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە کرابوو و هەروەها، ڕۆژی هەینی، ٢٥ی جۆزەردانی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی \"بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار\" و \"چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانی سیاسیی کوردی لەسێدارەدراو\"، بانگهێشت کرابوو.