هەوڵەكانی ئەمریكا و یەكەتیی ئورووپا بۆ گەمارۆی زیاتر بۆ سەر ئێران

12:34 - 3 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: دەوڵەتی ئەمریكا بۆ رەچاو كردنی گەمارۆی زیاتر بۆ سەر ئێران، لە هەوڵی بەدەستێهێنانی رەزایەتیی هاوكاریی وڵاتانی ئورووپایی دایە.
دەیڤید كوهن جێگری خەزێنەداریی ئەمریكا بۆ كاروباری تیرۆریزمی ماڵی رایگەیاندووە: رۆژی دووشەممە لە لەندەن لەگەڵ لێپرسراوانی بریتانیایی دیدار و چاوپێكەوتنی هەبووە و پێكەوە لەبارەی ئەگەری گرتنەبەری گەمارۆی زیاتر بەدژی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی پێشگیری لە دەست پێڕاگەیشتنی ئێران بە رێكخراوە نێودەوڵەتییە ئابوورییەكان، ئاڵوگۆڕی بیروڕایان كردووە.
دوای ئەوەی كە دەزگای قەزایی ئەمریكا هێزی قودسی سەر بە سپای پاسدارانی حكوومەتی ئێرانی بە دەست یتَدا بوون لە پلانی تیرۆری باڵوێزی عەرەبستان لە واشینگتۆن بە تاوانبار ناساند، بەرپرسانی دەوڵەتی ئەمریكا پرسی گرتنەبەری گەمارۆی زیاتر بۆ سەر ئێرانیان توندتر كردۆتەوە و لەگەڵ وڵاتانی دیكە سەرقاڵی دانوستانن.
یەكیەتیی ئورووپاش هۆشداری بە ئێران داوە ئەگەر بێت و بەجیدی لێبڕاوەییەوە دانوستانەكان دەست پێنەكاتەوە لەگەڵ گەمارۆی تازە و توندتر بەرەوڕوو دەبێت.
ئەمریكا، یەكەیەتیی ئورووپا، بریتانیا و كانادا لە پێوەندی لەگەڵ پلانی تیرۆری باڵوێزی عەرەبستان گەمارۆیان خستۆتە سەر پێنج كەسی نیزامی و ئەندامی سوپای قودسی ئێران.
ئێران ئەو تۆمەتانەی بە توندی رەت كردۆتەوە و بە \"بێ‌ مانا\"ی لە قەڵەم داوە.