مامۆستایەکی ئایینی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە سەردەشت دەسبەسەر کرا

07:44 - 20 بانەمەڕ 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٣، مامۆستا عەبدوڵڵا بەرزگەر، پێشنوێژی گوندی "کونە مشکه" سەر بە شاری سەردەشت لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان کاتژمێر ٣ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم مامۆستا ئایینییە و دەسبەسەریان کرد.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تاکوو ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی مامۆستا عەبدوڵڵا بەرزگەر بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو و شوێنی ڕاگیرانی، بێ ئاکام بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.