٤ هاووڵاتیی کورد حوکمی زیندانیان بۆ بڕایەوە

21:08 - 21 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حوکمی ٢٨ ساڵ زیندانی کردنی بۆ ٤ هاووڵاتیی کورد بڕییەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٤ هاووڵاتیی کورد بەناوەکانی \"فوئاد محەممەدی، بێهزاد ئەمینی، ناسر کەریمی و بیژەن لوتفی\" هەر کامەیان بە ٧ ساڵ زیندان مەحکووم کران.

ئەو حوکمە لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری \"ورمێ\"ـەوە دەرکراوە و ئەو ٤ کەسەش بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ راگوێزراون.

کەمپەینی داکۆکی لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی، تاوانی ئەو ٤ کەسەی خەڵکی \"نەبی کەند\"ی سەربە شاری \"تیکاب\"ی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی ئیسلامیی ئێران راگەیاندووە.

ئەو ٤ هاووڵاتییە کوردە مانگی رێبەندانی ساڵی رابردوو لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٧٥ رۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری تیکاب راگیرابوون.

هەمان سەرچاوە لە زاری باوکی \"زانیار مورادی\"ـەوە بڵاوی کردەوە، زانیار مورادی زیندانی کوردی مەحکووم بە ئێعدام کە لە زیندانی گەوهەر دەشتی کەرەج راگیراوە، سەرەڕای ئەوە کە چەندین مۆرەی پشتی تووشی شکان هاتوون، ناوەندە ئەمنیەتییەکان ڕێگری لە چارەسەریی ناوبراو دەکەن.

ئێقباڵ مورادی داوای لە سەرجەم ناوەندەکانی داکاۆکیکاری مافی مرۆڤ کردووە کە بۆ رزگاریی رۆلەکەیان بە کردەوە هەنگاو بنێن.