٢٠ ناوەندی مافی مرۆیی نێونەتەوەیی و ئێرانی، خوازیاری ئازادکردنی زیندانییانی سیاسیی ژن بوون

18:15 - 4 بانەمەڕ 2720

٢٠ ناوەندی مافی مرۆیی نێونەتەوەیی و ئیرانی لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا، داوایان لە بەرپرسانی ئێرانی کرد کە بە زووترین کات زیندانییانی سیاسیی ژن ئازاد بکرێن.

لەو نامە سەرئاوەڵایەدا، ئاماژە بە ناوی ٥٠ زیندانیی سیاسیی ژن کە هەنووکە لە زیندانەکانی ئێرانن، وەک: "زەینەب جەلالیان، نەسرین ستوودە، نێرگز محەممەدی، گوڵڕۆخ ئیریایی و ئاتێنا دائیمی و..." کراوە.

ناوەندی مافی مرۆڤیی "ڕائوول والێنبورگ" لەو نامە سەرئاوەڵایەدا کە بە واژۆی ٢٠ ناوەندی مافی مرۆیی نێونەتەوەیی گەیشتووە، خوازیاری دەسبەجێ ئازادکردنی زیندانییانی ژن لە زیندانەکانی ئێران بوون.

هەروەها، ئەوە نامە سەرئاوەڵایە لەلایەن جێگری سەرۆکی پارلمانی ئورووپا  و لەلایەن براوەکانی خەڵاتی مافی مرۆیی پارلمانی ئورووپا، "ساخارۆف"، واژۆ کراوە.

لەو نامە سەرئاوەڵایەدا، ئاماژە بە زیندانییانی تووشبوو و قوربانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کراوە و هاتووە، لە هەر ژوورێکی زیندانی ژنان ١٨ ژنی زیندانی هەیە کە تەواوی کارەکانی ڕۆژانەی خۆیان تەنیا لەو ژوورە ئەنجام دەدەن.

واژۆکەرانی ئەو نامە سەرئاوەڵایە لەو نامەیەدا، ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی ئەشکەنجەکردن لە ڕێگای ڕاگرتنی زیندانییان لە بارودۆخێکی خراپدا.