کوژرانی دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کوردستانی ئێران بە هۆی هێرشە پەهبادییەکانی تورکیە

10:57 - 13 بانەمەڕ 2724

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئەحمەد حەیدەری" کوڕی محەممەد و "ڕەسووڵ یوونسی" کوڕی محەممەد خەڵكی مەهاباد، بە هۆی هێرشە پەهبادییەکانی حکوومەتی تورکیە لە سنووری نێوان ئێران و عێراق گیانیان لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم دوو هاووڵاتییە لە ڕۆژی ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣، بە مەبەستی کۆکردنەوەی گیای بەهاری سەردانی بەرزاییەکانی شنۆ و هەرێمی کوردستانی عێراقیان کردووە و لەوێ کەتوونەتە بەر هێرشی پەهبادیی حکوومەتی تورکیە.

هێزە خەڵکییەکان پاش دۆزینەوەی تەرمی دوو هاووڵاتییە کە گیای کۆکراوی بەهارییان لەلا بووە، تەرمەکانیان بۆ شنۆ ڕاگواستوون.