کەرەج؛ ڕاگواستنی خەسرەو بەشارەت، بەندکراوی عەقیدەتیی کورد بۆ ژووری تاکەکەسی و مەترسیی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی

11:04 - 13 بانەمەڕ 2724

دوابەدوای جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی ئەنوەر خزری، بەندکراوی عەقیدەتیی کورد لە سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣دا، خەسرەو بەشارەت کە لە دۆسییەکەی هاوبەشدا لەگەڵ ناوبراو بووە، بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج ڕاگوێزراوە و مەترسیی جێبەجێکرانی سزاکەی لەئارادایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، خەسرەو بەشارەت هاوکات لەگەڵ جێبەجێکرانی سزای ئەنوەر خزری ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج کرا. ئەم بەندکراوە ڕۆژی پیشتر بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.

ناوەندە پێوەندیدارەکان زۆر درەنگ ئیزنی چاوپێکەوتنیان بە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە عەقیدەتییە دابوو و سەرەڕای ئەوەش بنەماڵەی ناوبراو لە مەهابادەوە چووبوونە کەرەج بەڵام نەیانتوانی منداڵەکەیان ببینن.

ئەنوەر خزری، پێنجەمین بەندکراوی عەقیدەتیی هاودۆسییە لەگەڵ ٧ کەسی دیکە بووە کە پاش نزیکەی ١٥ ساڵ بەندکران، لە سێدارە درا. سزای لەسێدارەدرانی چوار بەندکراوی عەقیدەتیی دیکە بە ناوەکانی فەرهاد سەلیمی، داوود عەبدوڵڵاهی، قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی لە ڕۆژی ٣ی ڕێبەندان، ١٢ی بەفرانبار، ٨ی سەرماوەز و ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.

دۆسییەی ئەم بەندکراوانە زۆر ناڕوونە و پڕ لە کەموکوڕیی یاساییە و ڕەوتی دادڕەسییەکەش نادادپەروەرانەیە. تاکو ئێستا هیچ پارێزەرێک دۆسییەکەی نەبینیون و خودی ئەم بەندکراوانە چەندین جار جەختیان کردووەتەوە کە حوکمەکانیان لە دوای وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجە و چەندین مانگ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە لە ژووری تاکەکەسی وەرگیراوە.

ئەم بەندکراوە عەقیدەتییانە، لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا، بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض"، بە لەسێدارەدران مەحکووم کراون.

دۆسییەی ئەم بەندکراوانە، لە ساڵی ١٣٩٨دا پاش پشتڕاستکرانەوە، ڕادەستی دیوانی باڵای وڵات کرا. هەروەها ڕۆژی ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٩، لقی ٣٨ی دیوانی باڵای وڵات، داواکاریی دادڕەسیی ئەم بەندکراوانەی ڕەت کردەوە.

ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی لە مەودای نێوان ناوەڕاستەکانی مانگی سەرماوەز هەتا سەرەتاکانی ڕێبەندانی ١٣٨٨ لە شارەکانی سەقز و مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کران. ئەم ٧ بەندکراوە عەقیدەتییە بۆ ماوەی چەند مانگ لەم گرتنگە ئەمنییەتییەدا بە مەبستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، ئەشکەنجە دران.

بە کۆتاییهاتنی ماوەی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێدا، ئەم ٧ بەندکراوە ڕەوانەی بەندیخانەی ئێڤینی تاران کراون و بۆ ماوەی ٦ مانگیش لە ژووری تاکەکەسیی بەندەکانی ٢٤٠ و ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤیندا لێپرسینەوەیان لێ کرا.

ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩١، ئەم بەندکراوانە، بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگوێزران.

کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤، کۆبوونەوەی دادگای ئەم ٧ بەندکراوە بە تۆمەتەکانی وەک "هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکان" و "افساد فی‌الارض"، لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقسیە، بەڕێوە چوو و لە ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ حوکمی لەسێدارەدرانەکە دەر کرا و بەفەرمی پێیان ڕاگەیەندرا.  پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی پارێزەری ئەم دۆسییەیە بەم حوکمە، دۆسییەکە ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کرا و کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٩٥ ئەم حوکمە هەڵوەشایەوە.

پاش ڕەوانەکرانی ئەم دۆسییەیە بۆ لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵواتی، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا، ئەم ٧ بەندکراوە جارێکی دیکە بە تۆمەتی "افساد فی‌الارض"، بە لەسێدارەدران مەحکووم کران. پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی پارێزەری ئەم دۆسییەیە، دۆسییەکە ڕەوانەی لقی ٤١ دیوانی باڵای وڵات کرا و لە ڕێبەندانی ٩٨دا ئەم حوکمە جارێکی دیکە پشتڕاست کرایەوە.

ئەنوەر خزری، کامران شێخە و خەسرەو بشارەت، لە پووشپەری ساڵی ١٣٩٨دا، لە دۆسییەیەکی دیکەدا لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"ی مامۆستایەکی ئایینیی سووننە بە ناوی عەبدولڕەحیم تینا، مەحکووم کران. بەپێی حوکمی دەرکراو کە لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٩دا بەم زیندانییانە ڕاگەیەندرا، ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت بە تۆمەتی "بەشداری لە کوشتن"، هەر کام بە ١٠ ساڵ بەندکران و کامران شێخە بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"، بە قیساس مەحکووم کران.

ئەم ٧ بەندکراوە عەقیدەتییە لە گەلاوێژی ١٤٠٢، پاش داخران و چۆڵکردنی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج، ڕەوانەی بەندیخانەی قزڵحسار کران.