مەولەوی عەبدولحەمید:پێرەوانی سونی لە هەڵاواردن و نابەرانبەری ڕەنج دەبەن

14:55 - 15 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: سەرکۆماری حکوومەتی ئێران حەسەن ڕۆحانی، مێوانییەکی بۆ بەربانگی سونی مەزەهەبەکان ڕێک خست و پەیڕەوانی سونی مەزهەبیش داوای لابردنی هەڵاواردنی ٤٠ساڵەیان لەسەر خۆیان کرد.

لەو مێوانییەدا، کە حەسەن ڕۆحانی بۆ بەربانگ و دانیشتن لەگەڵ سونی مەزهەبەکان ڕیکی خستبوو، مەولەوی عەبدولحەمید، باسی لە هەڵاواردن و نابەرانبەرییەکان لە هەمبەر سونی مەزەهەبەکانی بۆ سەرکۆماری ئێران کرد.

عەبدولحەمید لە بەشێک لە قسەکانیدا ڕوو لە ڕۆحانی ڕایگەیاند: سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیک بە ٤٠ ساڵ لە هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئێران، سونی مەزەهەبەکانی ئێران، لە هەڵاورادن و نابەرانبەری ڕەنج دەکێشن و دەنگدانی خەڵکی سونی مەزهەب بە حەسەن ڕۆحانی بۆ ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتە گشتییەکانی ئێران بووە.

مەولەوی عەبدولحەمید، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وتی: خەڵکی سونی مەزهەب دەیانەوێ چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و لە تەواو دامودەزگاکانی بڕیاردەر و ئیدارەکانی وڵات و تەنانەت لە هێزە چەکدارەکانیشدا بەشدار بن.

ئەو مامۆستا ئایینییە سونی مەزهەبە لە درێژەی قسەکانیدا لەو مێوانییەدا، ڕایگەیاند: پەیڕەوانی سونی مەزهەب دەبێت بە خواستە یاسایییەکانیان بگەن و لە هەڵاواردن ڕزگارییان بێت.

ناوبراو هەروەها داوای لە سەرکۆماری ئێران کرد، کە ڕێبەری ئێران خۆی کێشەی هەڵاواردنی سونی مەزەهەبەکانی ئێران چارەسەر بکات.