سزای لەسێدارەدانی توماج ساڵحی، دەسپێکی خولێکی نوێ لە سەرکوت لە کۆمەڵگەیە

19:02 - 6 بانەمەڕ 2724

دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ توماج ساڵحی، گۆرانیبێژ و ناڕازی لە حکوومەت، هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی سەرکوتی کۆمەڵگە، ژنان و کەمینەکان، نیشانەی دەسپێکردنی خولێکی نوێ لە سەرکوت و ترساندن لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دژی خەڵکە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٣، ئەمیر ڕەئیسییان، یەکێک لە پارێزەرەکانی توماج ساڵحی، دەرکرانی سزای لەسێدارەدان بۆ بریگرتەکەی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێسفەهانەوە پشتڕاست کردەوە و نووسی ئەم دۆسییە پێوەندیی بە دەسبەسەرکرانی توماج لە ساڵی ١٤٠١دا هەیە.

دەرکرانی ئەم سزایە بۆ توماج ساڵحی لەکاتێکدایە کە ناوبراو نزیکەی ١٨ مانگی ڕابردوو، لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر بووە و تەنیا لە دەورەیەکی ١٢ ڕۆژەدا ئازاد کراوە و سەرلەنوێ دەسبەسەر کراوەتەوە.

بە سەرنجدان بە پەیامی توماج ساڵحی لە بەندیخانەی دەستگردی ئێسفەهان بەم ناوەڕۆکەوە کە "ئەمڕۆ حوکمەکە بە من ڕاگەیەندرا بەڵام باسی حوکمەکە ناکەم کە کاریگەریی نێگەتیڤ بخاتە سەر لایەنگرانم، بەتایبەت لایەنگرە کەم تەمەکانم"؛ بە دیارترین شێوە لە زمانی ئەم گۆرانیبێژەوە تێدەگەین کە کۆماری ئیسلامی خەڵکی کردووەتە ئامانج.

بە سەرنجدان بەوەی کە لە کاتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و دوای ئەوەشدا، کۆمەڵگەی ئێران زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە سەرەڕای هەموو سەرکوتکارییەکان، یەکگرتووانە لەلای یەک بوون و ڕەوایی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لەلای خەڵک لەنێو چوو، حکوومەت بە زۆری هەستی بە مەترسی کرد و لە کاتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییەوە تاکوو ئێستا، جۆرەکانی جیاوازی سەرکوتی لە کۆمەڵگەدا پەرە پێ داوە.

بە سەرنجدان بەوەی کە لە کاتی دەسپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییەوە تاکوو ئێستا، کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە کە بە زۆرکردنەوەی لەسێدارەدانەکان، دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەکان، دەرکردنی سزای جۆراوجۆر، بێبەریکردنە کۆمەڵایەتی و یاساییەکانی شارۆمەندان و هەموو جۆرەکانی هەڕەشە و گوشار، کۆمەڵگە سەرکوت بکات، بەڵام خۆڕاگریی خەڵک و "نا" وتن بە کۆماری ئیسلامی بە جۆرە جیاوازەکان لە نێوان گرووپە جۆراوجۆرەکاندا بەردەوامە؛ دەرکرانی سزای لەسێدارەدان بۆ گۆرانیبێژێکی بەناوبانگ و خەڵکی وەکوو توماج ساڵحی، نیشانەی کەڵوەرگرتنی حکوومەت لە سەرکوتی بەربڵاو و لانیزۆری لە هەموو لایەنەکانەوە دژی خەڵک و کەسانێکە کە دەنگ و هیوای خەڵكن.

بە سەرنجدان بەوەی کە کۆماری ئیسلامی خولێکی نوێ لە سەرکوتی ژنان و کۆمەڵگەی لە ڕێگەی "گەڵاڵەی نوور"ەوە دەست پێ کردووە، هەروەها بە توندکردنەوەی کەشی ئەمنییەتی، هەڕەشە و سەرکوتی کەمینەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێران، وەکوو کوردستان؛ دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ گۆرانیبێژێکی بەناوبانگ و خۆشەویست کە خۆڕاگرییەکەی لەلایەن خەڵکەوە بەرز دەنرخێندرێت، نیشان دەدات کە حکوومەت لە هەوڵدایە سەرکوت لە ئاستێکی بەربڵاودا پەرە پێ بدات و تەنانەت بە زۆرترین سزا، دەست بنێتە سەر کەسانی ناسراو تاکوو کۆمەڵگە تووشی بێدەنگی و سەرکوت بکات و خۆڕاگرییان لەنێو ببات.

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، وێڕای مەحکوومکردنی توندی ئەم سزایە دژی توماج ساڵحی، سەبارەت بە دەسپێکی خولی نوێی سەرکوتکاری و ترساندنی خەڵک، ژنان و کەمینەکان، نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێ. کوردپا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە پێویستە هەر کەرەستەیەک لە ئاستی نێونەتەوەییدا کەڵكی لێ وەربگیردرێت تاکوو تێچووی ئەم سەرکوتکارییە نوێیە بۆ کۆماری ئیسلامی زیاتر بکاتەوە.

هەروەها کوردپا ڕایدەگەینێ کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی سەرکوتی چالاکان و بەندکراوان، لەوانە کەسانی ناسراو لە هەوڵدایە بە سەپاندنی شەڕێکی دەروونی، هەوڵ بۆ لەنێوبردنی یەکگرتوویی و خۆڕاگریی خەڵک بدات. هەر بەم هۆیەوە پێویستە سێنفە جیاوازەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، کەسانی ناسراو و خۆشەویست لای خەڵک، دەنگی توماج ساڵحی و سەرکوتکارییەک بن کە لە دژی کۆمەڵگە بەڕێوە دەچێت تاکوو پێش بە سەپاندنی شەڕی دەروونی بە مەبەستی سەرکوتی زیاتر لەلایەن حکوومەتە بگرن.