مەهاباد؛ سێ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

20:31 - 31 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "موحسن ئەحمەدی موقەدەم" تەمەن ٣٤ ساڵ کوڕی حەسەن، "ڕەسووڵ یووسفی ئازەر" تەمەن ٢١ ساڵ و کوڕی ئیبراهیم و "حەسەن یووسفی ئازەر" تەمەن ٣٩ ساڵ و کوڕی فەتاح، خەڵکی گوندی "بەفرەوان" سەر بە شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم سێ هاووڵاتییەیان لە ماڵەکەی خۆیاندا دەسبەسەر کردوون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەتییەکانی مەهاباد و ورمێ کراون.

ئەم سەرچاوەیە وتی: بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم سێ هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوونەوە لە دۆخی ئەم سێ هاووڵاتییە بێ ئاکام بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: حەسەن یووسفی ئازەر، ڕەسووڵ یووسفی ئازەر و موحسن ئەحمەدی ئەقدەم