سکرتێری پێشووی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆچی دوایی کرد

21:56 - 27 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: سکرتێری پێشووی نەتەوەیەکگرتووەکان و براوەی خەڵاتی ئاشتیی نوبێلی لە تەمەن ٨٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی گەلاوێژ، \"کووفی عەنان\"، سکرتێری پێشووی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و براوەی خەڵاتی ئاشتیی نوبێل، بە هۆی نەخۆشیەوە، لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی بێرن له وڵاتی سووئیس کۆچی دوایی کرد.

هەواڵی کۆچی دوایی کووفی عەنان لە لایەن بونیادی کووفی عەنان پشتڕاست کراوەتەوە و لەو باریەوە نووسیوویەتی: \"لە هەر شوینێک دەرد و ئازار هەبووە، ئەو لەوێ ئامادە بووە و بە گەورەیی و مرۆڤی دۆستی یارمەتی لێقەماوانی داوە\".

کووفی عەنان یەکەم سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بووە کە لە ناو فەرمانبەرانی ئەو ڕێکخراوەیەدا، بەو پلەیە گەیشتووە.

کووفی عەنان ساڵی ٢٠٠١ خەڵاتی ئاشتیی نوبێلی لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە بۆنەی \"هەوڵدان بۆ دروست کردنی جیهانێکی ئارام\" بە دەست هێناوە.

ناوبراو لە ساڵی ١٩٩٧ هەتا ٢٠٠٦ وەکوو حەوتەمین سکرتێری ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەو پۆستەدا هەڵبژێردرا.

کووفی عەنان لە ساڵی ١٩٣٨ لە شاری کوماسی وڵاتی غەنا لە دایکبووە.