دەزگای دادوەریی ئێران لە ماوەی ٣ مانگدا، ٥٢٦ ساڵ زیندان و ١٠ حوکمی ئێعدامی بەسەر هاووڵاتییاندا سەپاندووە

12:20 - 13 بانەمەڕ 2720

"ئەتڵەسی زیندانەکانی ئێران" (اطلس زندان‌های ایران) لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، ئامارێکی نوێی لە دۆسیەی زیندانییانی سیاسی لە ئێران بڵاو کردووەتەوە کە بەرپرسانی دادوەریی ئێران لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی، بە هۆکاری سیاسی، ٥٢٦ ساڵ زیندانیی بەسەر هاووڵاتییاندا سەپاندووە.

ڕاپۆرتی ئەو ناوەندە باس لە سەپاندنی حوکمی ١٠ ئێعدام بە هۆکاری سیاسی بەسەر هاووڵاتییان لە ئێراندا دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی گرووپی ئەتڵەسی زیندانەکانی ئێران، حکوومەتی ئێران لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی، ١٤٧ هاووڵاتیی بە هۆکاری سیاسی بە زیندان مەحکووم کردووە، هەروەها ٣٨ هاووڵاتیی دیکەی بۆ جێبەجێکردنی زیندانییەکەیان ڕەوانەی زیندان کردووە و ٣٥ کەسی دیکە کە زیاتر لە دوو حەوتوو لە گرتنگەدا بوون، لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

ڕاپۆرتی ئەتڵەسی زیندانەکانی ئێران، هەروەها دەڵێت: "دەزگای دادوەری لەم ماوەیەدا، خەریکی لێکۆڵینەوەی دۆسیەی وەرزی ڕابردووە، بەتایبەتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ و بە خێرایی خەریكی داسەپاندنی حوکمی سیاسی بەسەر هاووڵاتییانی ناڕازییە. دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی، حوکمی ئێعدام بەسەر ئەو هاووڵاتییانەدا سەپاندووە و بەپێی داتاکانی ئەتڵەس، لانیکەم لە سەدا ٢٦ی دۆسیە سیاسییەکانی دادگای ئینقلابی تاران بەو دادوەرە دەسپێردرێت؛ هەروەها حوکمی ئێعدامی بەسەر ٧ کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکاندا سەپاندووە".