بەبۆنەی ٨ی مارس؛ ٢٥ حاڵەتی کوژرانی ژنان لە کوردستان + ئامار

12:18 - 18 رەشەمه 2720

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن، بەپێی ڕاپۆرتە ئامارییەکان، دەپەڕژێتە سەر حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤی ژنان لە کوردستان و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان (خۆکوژی و کوژرانی ژنان) لە ٨ی مارسی ٢٠٢٠ـەوە هەتا ٨ی مارسی ٢٠٢١.

لەم ڕاپۆرتەدا باس لە سەر حاڵەتەکانی کوژرانی ژنان لە کوردستان دەکەین.

ئەم ڕاپۆرتە تەنیا باس لە سەر حاڵەتەکانی پشتڕاستکراوە لەلایەن کوردپا و هەروەها ئەو حاڵەتانە کە لە سەرچاوە بایەخەکاندا میدیایی کراوە، دەکات. هەرچەند کە ئاماری ڕاستەقینە بەنیسبەت ئەم ئامارە زۆر لەسەرەوەترە.

لەم ماوەیەدا ٢٥ حاڵەتی کوژرانی ژنان لە کوردستان ڕووی داوە.

لەم نێوانەدا ٧ حاڵەت بە شێوەی دیاریکراو "قەتڵی نامووسی" بووە.

١١ حاڵەت لە ئاکامی کێشەی بنەماڵەیی ڕاگەیەندراوە.

هۆکاری مردنی ٦ ژن نادیار ڕاگەیەندراوە.

ژنە پارێزەرێک، لەلایەن هاوژینی بەرگریتەکەی کوژراوە.

چۆنیەتیی کوژران:

بە چەک: ٩ حاڵەت

خنکاندن: ٣ حاڵەت

لێدانی و ئازار و ئەشکەنجە: ٥ حاڵەت

لێدان بە چەقوو: ٣ حاڵەت

سووتاندن: ٢ حاڵەت

دۆزینەوەی تەرم لەنێو ڕووبار و بەنداو: ٢ حاڵەت

کوژران لەلایەن؛

هاوژین: ٩ حاڵەت

برا: ٨ حاڵەت

باوک: ١ حاڵەت

ئامۆزا: ١ حاڵەت

زاوا: ١ حاڵەت

ژنە پارێزەرێک، لەلایەن هاوژینی بەرگریتەکەی کوژراوە.

بکووژی ٤ ژن هەتا ئێستا ڕوون نەکراوەتەوە.

هەروەها؛

کوژرانی ١٨ ژن لە ماڵەوە و ٧ ژن لە دەرەوەی ماڵەوە بووە.

دوو کەس لە قوربانییانی "قەتڵی نامووسی" تەمەنیان ١٥ و ١٦ ساڵ بووە.

هەروەها کچێکی منداڵ، لە ئاکامی کێشەی بنەماڵەیی لەلایەن باوکییەوە کوژراوە.

ناوی ئەو ژنانە کە قوربانیی "قەتڵی نامووسی" بوونە؛

پەروین پاڵانی، تەمەن ١٥ ساڵ، دانیشتووی "تازاوا"ی سەرپێڵ‌زەهاو کە لە ١١ی خاکەلێوە لەلایەن براکەیەوە لە ماڵەوە خنکێندرا.

فاتمە هەواسی، تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی سەرپێڵ‌زەهاو، لە ١٣ی خەرمانان، لەلایەن براکەیەوە لە ماڵەوە بە چەک کوژرا.

سەرگوڵ حەبیبی، تەمەن ٢٥ ساڵ، خەڵکی سنە، لەلایەن براکەیەوە بە چەقوو کوژرا.

وەفا عەبدوڵڵازادە، تەمەن ٣٩ ساڵ، خەڵکی سەردەشت، لە ماڵەوە لەلایەن براکانییەوە بە چەک کوژرا.

سۆنیا دێهقان، خەڵکی سەردەشت، لەلایەن براکەی و ئامۆزاکەیەوە لە دەرەوی ماڵەوە بە لێدان و ئازار و ئەشکەنجەوە کوژرا.

عشرەت نیکخوویی، تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی ورمی، لە ماڵەوە لەلایەن ئامۆزاکانییەوە سووتێندرا و گیانی لەدەست دا.

عەزیزە حەقی‌عیووبی، تەمەن ٣٨ ساڵ، خەڵکی ورمێ، لە ماڵەوە لەلایەن هاوژینەکەی خنکێندرا.

توندوتیژی دژی ژنان لە ماوەی دەسەڵاتداریەتیی ئیسلامیی ئێران تا ڕادەیەک پشتگوێ خراوە کە تەنانەت ئامارێکی ورد و دروست لەم بوارەدا بوونی نییە و ڕەوتی زۆربوونی شاراوەمانەوەی توندوتیژی لەلایەک و دانانی یاسایەک بە شێوەی هەڵاواردنانە دژ بە ژنان لەلایەکی دیکەوە، بووەتە هۆی وەبەرهێنانەوەی توندوتیژیی لە کۆمەڵگا و هەروەها نەهادینەکردنی توندوتیژیی سیستماتیک و چەرخانی توندوتیژی لە بنەماڵە و کۆمەڵگای بەدواوە بووە.

کوژرانی ژنان لە ئێراندا تێکەڵی پرسگەلێکی زۆر یاسایی و هتد بووە، وەکوو:

نەبوونی ئاماریکی ورد و ڕوون لەبارەی کوژرانی ژنان و جۆری کوشتنەکان

پاڵپشتیی یاسایی لە کوژرانی ژنان بەتایبەت "قەتڵی نامووسی"

نەبوونی یاسا و ڕێسایەکی گونجاو لە پاڵپشتی لە مافی ژیانی ژنان و ماڵێنێکی ئەمن

بە تاوان هەژمارنەکردنی توندوتیژی بەتایبەت توندوتیژیی بنەماڵەیی لە ئێراندا

کەڵکاژۆوەرگرتنی حکوومەت لە کولتووری پیاوسالاری لە کۆمەڵگادا و یارمەتیدان بۆ جێگیرکردنەوەی

پێشگرتن بە پێداچوونەوەی پرسەکانی تایبەت بە ژنان و بەتایبەت کوژرانی ژنان لەلایەن بنکە نافەرمییەکانەوە

پێشگرتن بە چالاکیی دامەزراوەکانی ژنان و تەنانەت چالاکیی تاکی لە هەر بوارێک کە پەیوەندیی بە ژنان و هەڵسوکەوتی ئەمنییەتی بەنیسبەت ئەو چالاکییانەوە هەیە.

 تەنزیم: ئەوین مستەفازادە